هێرش کرایە سەر کێڵگەی پارس و ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی نایە بیستەمین رۆژ و ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە هێرشەکانیان لەسەر دامەزراوەکانی گازی ئێران، بنکە مووشەکییەکان و هەروەها کردنە ئامانجی شوێنی مانەوەی بەرپرسانی ئێران چڕکردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل شەوی چوارشەممە رایگەیاند، بۆ یەکەم جار ژمارەیەک ئامانج لە باکووری ئێران بۆردوومان کردن. هەروەها ئێران هێرشی 63 کردە سەر ئیسرائیل .
 
تاران و کەرەج
 
ژمارەیەک لە دانیشتووانی تاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە، دوای کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو دەنگی فڕۆکە و تەقینەوەیان لەنێو شاری تاران بیستووە. هەروەها دەڵێن، دەنگی بۆردوومان و تەقینەوەکان زیاتر لە گەڕەک و شەقامەکانی (سەید خەندان، نارمەک، نیلوفەر، مێهران، جەنەت‌ئاباد، ئێکباتان، سەعادەت‌ئاباد، یوسف‌ئاباد، مەجیدییە، وەلنجەک، تێهرانپارس و هێرەوی) بووە. بۆردوومانکردنی ئامانجەکان لەنێو شاری تاران تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026 بەردەوام بوو. 
هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە لە شارەکانی (باقرشەهر) و (شەهری رێی) لە پارێزگای تاران بە فڕۆکە هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک. 
 
هەروەها بەربەیانی ئەمڕۆ لەنێو شار و دەوروبەری شاری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبورزیش، چەندین شوێن کرانە ئامانج.
نیوەشەوی چوارشەممە، لانیکەم چوار شوێن لەنێو شار و دەوروبەری شاری قودس لە نزیک تاران بۆردوومان کران.
 
پارێزگای گیلان 
 
شەوی چوارشەممە لە شارەکانی رەشت و بەندەری ئەنزەلی لە پارێزگای گیلانی باکووری ئێران، ژمارەیەک بنکە و بارەگای سەربازی بۆردوومان کران.
 
میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، ئەمریکا و ئیسرائیل چەند خاڵیان لەنێو شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی کردووەتە ئامانج، بەڵام محەممەدساڵح زیایی، قایمقامی بەندەری ئەنزەلی دەڵێت، بە مووشەک لە باڵەخانەکانی فەرمانگەی گشتیی گومرگ، رێکخراوی کاروباری بەندەرەکان و رێکخراوی دەریاوانی و کەشتیوانی دراوە.
 
ئیسماعیل میرغەزەنفەری، قایمقامی رەشت بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، لەنێو شاری رەشت هیچ بۆردوومانێک رووینەداوە.
سوپای ئیسرائیل شەوی چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێردا لە رۆژئاوا و ناوەندی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 200 ئامانج، لەنێویاندا بنکە مووشەکی و درۆنییەکان. هەروەها دەڵێت، بۆ یەکەم جار هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە باکووری ئێران.
 
پارێزگای فارس 
 
لە شاری لار، ناوەندی شاری لارستانی پارێزگای فارس، باڵەخانەی دادگە و ئۆتۆمبێلێک لە نزیک دادگەی شارەکە بۆمباباران کران. سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆردوومان کراوە، ئەمبولانس بووە.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای فارس، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 14 کەس کوژراون و 50 کەسیش برینداربوون و دوو لە کوژراوەکان دادوەر بوون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردەوە، یەکێک لە کوژراوەکان، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی لارە بە ناوی (محەممەد خوسرەوانی) .
 
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، لە دەرەوەی شاری لار، کۆگەیەکی سووتەمەنیش بۆردوومان کراوە.
 
نیوەڕۆی چوارشەممە، لە شاری شیرازیش چەندین شوێن کرانە ئامانج.
 
بنکە مووشەکییەکانی گەرووی هورمز
 
ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، بە بۆمبی 'سەنگەرشکێن' ژمارەیەک بنکەی مووشەکیی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز بۆردوومان کرد. 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، مووشەکی کروز لەو بنکە مووشەکییانەدا بووە و ئەو مووشەکانە مەترسیبوون لەسەر ئاسایش و هەڕەشەبوون لەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
هەروەها نزیکەی کاژێر 11ـی شەو بە کاتی تاران، لە دەوروبەری شاری میناب لە پارێزگای هورموزگانی باشووری ئێران چەند ئامانج بۆردوومان کران.
 
پارسی جنوبی دڵی وزەی ئێران  
 
 لە 19ـیەمین رۆژی شەڕدا، ئیسرائیل گەورەترین دامەزراوەی بەرهەمهێنانی گازی ئێرانی کردە ئامانج. 
نزیکەی کاژێر دووی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، دامەزراوەکانی (پارسی جنوبی) و (عەسەلویە) لە پارێزگای بووشێهری باشووری ئێران بۆردوومان کران.
 
ناوچەی گازیی (پارسی جنوبی) بە دڵی وزەی ئێران و عەسەلویە بە ناوەندی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئەو ناوچە گازییە دادەنرێت. ناوچەی گازیی (پارسی جنوبی) لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی جیهانە و شوێنی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گازە لە ئێران.
 
جگە لە داهاتی زۆر، بەشی زۆری ئەو گازەی بۆ بەرهەمی نێوخۆ و لە کەرتی جیاواز بەکار دەهێندرێت و بەشێکی زۆر لەو گازەی تەرخان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لەو کێڵگەیەوە دابین دەکرێت.
 
کۆمپانیای گازی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیان بەر بەشێک لە یەکەکانی پاڵاوتنی دامەزراوە گازییەکانی ئێران لە باشووری ئەو وڵاتە کەوتووە، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە. هەروەها دەڵێت، بەرهەمهێنانی گاز لەو دامەزراوانە بەردەوامە و کێشەی کەمیی گاز رووینەداوە و بەزوویی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. 
 
لە بەرامبەر بۆردوومانکردنی کێڵگەی پارس دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند کە هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا . هەروەها گوتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران داوای لە خەڵکی سیڤیل کرد لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئیمارات و سعودیە دووربکەونەوە . هەروەها دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کێلگە گازییەکانی قەتەر ئەوا کێڵگەی پارس وێران دەکات. 
 
هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاند کە شەوی رابردوو بە هێرشی ژمارە 63 هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کۆیە

ئاسایش ئاماری دوو رۆژی هێرشەکانی سلێمانی و کۆیەی بڵاوکردەوە؛ چوار کەس بریندارن

دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی ئاماری هێرشەکانی دوو رۆژی رابردووی بۆ سەر سلێمانی و کۆیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا چوار پێشمەرگە و کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوون.