وردەکاریی دەستدرێژیکردنە سەر قوتابییەکی 7 ساڵان لە هەولێر؛ "ئەگەر بە دایکت بڵێی دەتکوژم"

19-04-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
ئەو کچە بە ترس و دوودڵییەوە قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو کرد
ئەو کچە بە ترس و دوودڵییەوە قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"ئەگەر بە دایکت بڵێی دەتکوژم"، ئەمە هەڕەشەی مامۆستایەک بووە لە قوتابخانەیەکی فەرەنسی لە هەولێر دوای دەستدرێژیکردنە سەر قوتابییەکی 7 ساڵان کە کچەکە چیرۆکەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە. هاوکات دایکیشی پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر كچەکەی و دەڵێت، سکاڵایان تۆمار کردووە.
 
ئەو قوتابییە 7 ساڵە لە پۆلی دووی سەرەتایی لە قوتابخانەیەکی تایبەتی نێودەوڵەتی لە هەولێر کە قوتابخانەیەکی فەرەنسییە، دەخوێنێت. بە ترس و دوودڵییەوە قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، زیاتر لە ساڵێک لەلایەن مامۆستایەکییەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر و ترسێنراوە.
 
ئەو قوتابییە بە رووداوی گوت، "هەندێک جار دەیبردمە هۆڵەکەی سەرەوە هەندێکجاریش بۆ ئەوەی خوارەوە. دەیگوت: بەیەکەوە یاری دەکەین و دەیبردم. منیش دەستم بە گریان دەکرد، لەبەر ئەوە شتی زۆر خراپی بێرە و بێرەم دەکرد."
 
دایکی کچەکە خەڵکی مەغریبە و باوکی ئەڵمانییە. دایکی دەڵێت، لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ هەندێک رەفتاری نامۆی لە کچەکەی بینیوە و ئەڵقەی زێڕ و چەند جارێک بڕێک پارەی لە گیرفانی دۆزیوەتەوە، بۆیە بەمە گومانی بۆ دروستبووە، دواتر کچەکەی دانی پێداناوە کە مامۆستای وەرزشی ئەم شتانەی پێداوە و هەڕەشەی لێکردووە کە باسی نەکات. 
 
سوعاد نەسیمی، دایکی کچەکە بە رووداوی گوت، "کچەکەم و سێ کچی دیکە واتە چوار کچ دڵنیاین کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، چونکە یەکدییان بینیوە وە کچی دیکەش خودا دەزانێ، لەگەڵ دایکی یەک لە کچەکان قسەم کرد ئامادەنەبوو باسی کەیسی کچەکەی بکات لەبەر ناوبانگیان. خۆت کوردی دەزانی لە کوردستان باسکردنی ئەم شتانە عەیبە، ئەو دەترسێ باوکی کچەکە بیزانێ و کێشە دروستببێت، من مافی کچەکەمم دەوێت، ئەوان مافی کچەکەیان ناوێت من دەمەوێ. دەیانگوت لە قوتابخانە ئەمنییەت هەیە، ئەمە ئەمنییەتە؟ ساڵ و نیوێک کچەکەم دەستدرێژی کراوەتە سەر، من هەر پارەم داوە، ئەوانیش دەستدرێژییان کردووەتە سەری."
 
باوکی ئەو کچە 7 ساڵە ئەندازیاری کارەبایە و بۆ کارکردن لەنێوان بەغدا و بەرلین هاتووچۆ دەکات، بۆ خوێندنی کچەکەیان ساڵانە نزیکەی شەش هەزار دۆلاریان داوە، بۆیە دەڵێت، ماڵیان لە هەولێر بووە و لە رووی ئەمنییەوە هەولێریان پێ باشتر بووە لە بەغدا.   
 
فرانس شۆخ، باوکی كچەکە باس لەوە دەکات، "چاوەڕوانیمان لە یاسای کوردستان ئەوەیە ئەم کەسە سزابدرێت، چونکە ئەوەی ئەو کردوویەتی هیچ بیانووێکی نییە، ئەمە کاری شەیتانە." 
 
ئەو مامۆستایەی کە دەگوترێت دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ئەو كچە، لەدایکبووی 1994ـەو خەڵکی دیمەشقە. بەپێی زانیارییەکان؛ نزیکەی دوو ساڵە لەو قوتابخانە نێودەوڵەتییە وانە دەڵێتەوە و ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە و بەتەنیا دەژی.
 
لە دوای زانینی ئەم رووداوە؛ دایک و باوکی کچەکە سکاڵایان لە بنکەی پۆلیس تۆمار کردووە. تۆمەتبار بە ماددەی 393 دەستگیر کراوە و تاوەکو ئێستا دەستبەسەرە و ئێستاش دۆسیەکە لە دادگەیە.
 
پارێزەری کچەکە دەڵێت، راپۆرتی پزیشکیش سەلماندوویەتی ئەو منداڵە چەندینجار لە دواوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر. 
 
کارزان سەید تەحسین، پارێزەری کچەکە گوتی، "کێشەکەمان چۆنە، ئەوە بەڕاستی ئەوە قوتابخانەیە هاوکاری ئێمە نییە، بەڕێوەبەری قوتابخانە بۆخۆی هاتووە و شایەدی بۆ تۆمەتبار دەدات و دەڵێ پیاوێکی چاکە، ئێ شایەد لەم کاتە دەبێت بە بینین بێت نابێت بە گوێلێبوون بێت." 
 
هاوکات پارێزەری مامۆستای تۆمەتبارەکەش دەڵێت، راپۆرتی پزیشکی هەیە، بەڵام بەڵگە نییە کە ئایا ئەو مامۆستایە وای لەم کچە کردووە یان نا. کاوە ئەکرەم، پارێزەری تۆمەتبارەکە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا ئێمە بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدیهاتوون لە قۆناخی لێکۆڵینەوەن، تاوەکو ئێستا ئێمە پێمانوایە بەڵگەکان لە دژی ئەو نین." 
 
پارێزەری کچەکە دەڵێت، راپۆرتی پزیشکیش سەلماندوویەتی ئەو منداڵە چەندینجار لە دواوە دەستدرێژیی کراوەتە سەری. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە