رووداو دیجیتاڵ
خەندەقێک بووەتە هۆی تەقینەوەی کێشەیەکی کۆن لەسەر زەویوزار لە کەرکووک. لێدانی ئەو خەندەقە لە چواردەوری زەوییەکی 164 دۆنمی، گرژییەکی گەورەی لەنێوان هەردوو هۆزی "عەزی" و "زوبەعی" دروستکردووە.
بەشێک لە خاوەن زەوییەکان قایمقامی کەرکووک تۆمەتبار دەکەن بەوەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە دەرەوەی کاتی دەوام، بۆ بەرژەوەندیی کەسێک هەڵیکوتاوەتە سەر زەوییەکانیان.
عەدنان خەلیل، خاوەن زەوی بە رووداوی گوت: "زەوییەکەمان تاپۆی فەرمییە و لە ساڵی 1960ـەوە بە ناوی ئێمەوەیە. ئەوان لە دەرەوەی کاتی دەوام، بە حەفارەی ئەهلی و بە هێزێکی زۆرەوە هاتوون. ئەگەر زەوییەکە هی دەوڵەتە، بۆچی قایمقام خۆی دێت؟ تا کاژێر 11:00ی شەو خەندەقیان لێدەدا و منداڵ و ئافرەتیان تۆقاند، کەس نەیدەوێرا نزیک ببێتەوە."
پیاوماقوڵانی هۆزی عەزی، رێکارەکانی لێژنەی لابردنی زێدەڕۆیی بە نایاسایی دەزانن. ئەوان گومانی گەندەڵی دەکەن و سکاڵای یاساییان لەسەر فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکووک تۆمار کردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش هاوڕایە کە دۆسیەکە ئاڵۆزیی تێدایە.
رەعد ساڵحی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "کاتێک وردەکاریی دۆسیەکەم بینی، گومانی گەندەڵیم لەلا دروستبوو لە نێوان بەشی موڵکایەتی دەوڵەت و قایمقامیەت، چونکە کێشەکە لەسەر زەوییەکی دەوڵەت نییە کە کێشەی تێدا بێت، بەڵکو ململانێی نێوان دوو کەسە."
لە دادگەی کەرکووک گوتە لە فەلاح یایچی وەرگیرا. قایمقام سوورە لەسەر ئەوەی کارەکانی یاسایی بوون و بە نووسراوی فەرمیی پارێزگار و فەرمانی وەزارەتی دارایی جوڵاونەتەوە.
فەلاح یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک دەڵێت: "ئێمە نووسراوی فەرمیمان لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بۆ هاتووە کە داوای لێدانی خەندەق دەکات لە دەوری ئەو زەوییەی موڵکی وەزارەتی داراییە. وەزارەت کەسێکی بە ناوی 'عادل' سەرپشک کردووە بۆ پاراستنی. بەڵگە و ڤیدیۆمان لەلایە کە چۆن تەقەیان لە لێژنەکەمان کردووە و بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیشیاندا چەک دۆزراوەتەوە."
رۆژی شەممە، گرژییەکان گەیشتنە ئەوپەڕی و چەند کەسێک کە خۆیان بە خاوەن زەوی دەزانن، هێرشیان کردە سەر قایمقامی کەرکووک و برینداریان کرد. بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا 7 کەس دەستگیرکراون و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پێنج کەسی دیکەش دەرچووە، دۆسیەکەش ئێستا لەبەردەم دادگەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ