رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆوە لەگەڵ پۆڵاد جەنگیی برای مان لە خواردن دەگرن.
شەوی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، لاهوور شێخ جەنگی لە زیندان پەیامێکی لە پەیجی فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هەشت مانگە دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بەناحەق زیندانی کراوین."
لاهوور شێخ جەنگی دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی دادگا رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێت تا ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە فشاری پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگا و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگای تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد پێکەوە بڕیارمانداوە لەئەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تا ئاوکاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین."
سەرچاوەیەک لە بەرەی گەل بە رووداوی راگەیاند: "پەیامەکە لاهوور شێخ جەنگی خۆی ناردوویەتی و دواتر بڵاوکراوەتەوە"
لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات: "بۆ هەڵماڵینی سیناریۆکانی ئێوە جارێکی تر ئامادەین، سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین تا هەموان بزانن کە ئێوە هیچ ڕۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتوەتەوە."
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە کاتی جیاوازدا ئازاد کراون. لەوانە 7 کەس لە 3ـی مانگی شوباتـی ئەم ساڵ ئازاد کران، پێش ئەوان لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ