پێنج حیزب داوایان لە مەلا عەلی كردبوو خۆی كاندید بكات

19-05-2014
سۆران بەهائەددین
نیشانەکردن مەلا عەلی کەڵەک
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمجارە هەواڵەكانی مەلا عەلی كەڵەك لە ئەوروپاوەیە، لە نێو لانكەی شارستانییەكی پێشكەوتوو و مۆدێرن، مەلا دەڵێت "لە ئەڵمانیا و نەمسا چارەسەری نەخۆشم كردووە، ئەوروپا پێویستی بە منە، پزیشكەكانی نەمسا داوایان لێكردم لەوێ نەخۆشخانەیەك بكەمەوە، بەڵام من ناتوانم لە ئەوروپا بژیم".

مەلا عەلی كەڵەك رۆژی 25/3/2014 بە ڤیزایەكی شنگن سەردانی نەمسا و ئەڵمانیای كرد و 25 رۆژ لەو دوو وڵاتە مایەوە. ئەو ژیانی ئەوروپا بە "بەهەشتێك" لە رواڵەت و "كاسەیەكی پڕ لە ژەهر" لە ناوەڕۆك وەسف دەكات.

سەرەڕای ئەوەی بڕیاری داخستنی نۆڕینگەكەی دراوە، بەڵام بەردەم ماڵەكەی پڕ بوو لە ئۆتۆمبێل كە زۆربەیان تابلۆی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیان بەسەرەوە بوو. مەلا عەلی، هەندێك لە نەخۆشەكانی هەر لەبەر دەرگای نۆڕینگەكە چارەسەر دەكرد و دەستی لەسەر سەریان دادەنا و ئایەتێكی بەسەردا دەخوێندن.

عەلی مەحمود حەسەن، ناسراو بە مەلا عەلی كەڵەك، بە قسەی خۆی 19 ساڵە چارەسەری نەخۆش دەكات، لە ساڵی 2011ەوە نەخۆشخانەیەكی لە تەنیشت ماڵی خۆیان كردەوە بەناوی نەخۆشخانەی خێرخوازی پزیشكی نەبەوی، ئەوە لەكاتێكدا تەنیا پەیمانگەی ئیسلامی لە هەولێر تەواوكردووە.

"ریش كێشەی بۆ دروستكردم"

مەلا عەلی كەڵەك لە كاتی قسەكردنی لە نۆڕینگەكەی زوو زوو دەستی بۆ تابلۆیەكی سەر مێزەكەی درێژ دەكرد كە لەسەری نووسرا بوو "Mala Ali Kurdi Willkommen in österreich" واتە "بەخێر بێیت بۆ نەمسا مەلا عەلی كوردی". شانازی بەو تابلۆیە دەكرد و دەیگوت "ئەو بڕوانامەیەیان پێبەخشین".

مەلا عەلی سەبارەت بە سەفەرەكەی گوتی "پێشتر چەند نەخۆشێكی بیانیم چارەسەر كردبوو، ئەوان بانگهێشتیان كردم بۆ نەمسا". بەڵام گوتی "كە رۆیشتم لە نەمسا كێشەیان بۆ دروستكردم، پاشان وەزیرێكی نەمسا تەدەخولی كرد، چونكە رۆیشتن بۆ نەمسا بە ریشەوە زۆر زەحمەت بوو، دەیانگوت تۆ قاعیدەی، بەڵام كە لە یوتیوب سەیری كارەكانی منیان كرد، گوتیان ئەوە پیاوێكی زۆر گەورەیە".

مەلا عەلی دەڵێت لە كوردستانەوە ئێمێلیان بۆ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا ناردبوو كە رێگەم پێنەدەن بچمە نەمسا، چونكە كەسێكی مەرغووب نییە "بەڵام بەپێچەوانەوە لەوێ خەڵكی بیانی دەهاتنە لام و وێنەیان لەگەڵ دەگرتم دەیانگوت لە یوتیوب تۆمان بینیوە".

مەلا عەلی كە لەگەڵ دوو برای ئەو گەشتەی كردووە، 4 رۆژ لە ئەڵمانیا ماوەتەوە و رۆژەكانی دیكە لە نەمسا بووە "لەماڵان پێشوازیم لە نەخۆش دەكرد، یان منیان دەبردە نەخۆشخانەكان، 200-300 نەخۆش هاتنە لام، خەڵكێكی زۆر لەوێ بوونە موسڵمان، پاشان چوومە نەمسا سەردانی نەخۆشخانەیەكی گەورەی نەمسام كرد، رۆژنامەنووسێكی نەمسا هاتە لام كە باری دەروونیی تەواو نەبوو، لای من چاك بووەوە".

"لە نەمسا نەخۆشخانەم بۆ دەكەنەوە"

بەپێی قسەكانی مەلا عەلی، دكتۆرەكانی نەمسا زۆر پێی سەرسام بوون "دكتۆرەكان ماچیان كردم و دەستیان لە ملم كرد، زۆر بە زانستەكەم خۆشحاڵ بوون، داوایان دەكرد نەخۆشخانەیەك بكەمەوە، بەناوی نەخۆشخانەی پێغەمبەران لە نەمسا، بەڵام من حەزم لە ئەوروپا نییە و ناتوانم لەوێ بمێنمەوە".

بەبڕوای خۆی، ئەوروپا زۆر پێویستی بە كەسێكی وەكو مەلا عەلییە "لەوێ كێشەی رەوشت و ئایین و سۆز و بەزەیی هەیە، لە حكومەتی نەمسا گوتیان وڵاتینامەی نەمسات دەدەینێ، نەخۆشخانەیەك بكەوە، بەڵام من لە ئەوروپا ناحەوێمەوە". 

ئەو نەخۆشانەی سەردانی مەلا عەلی كەڵەكیان كردووە لە نەمسا و ئەڵمانیا وەك خۆی دەڵێت "65%یان ئایدزیان هەبوو، لە ئەوروپا زۆر پێویستیان بە ئێمە هەیە، نەخۆشەكانیان چارەسەر بێت، بەڵام ئایدز بە دوو رۆژ چارەسەر نابێت، ئەوانەی هاتنە لام زۆربەیان مەسیحی بوون، بەڵام خۆیان دەیانگوت ئێمە هیچ دینێكمان نییە، بۆ چارەسەری ئامادە بوون رەشكە و هەنگوین بخۆن و گوێ لە قورئان بگرن". هەروەها گوتی "30%ی ئەوروپییەكان جنۆكە لە لەشیاندا هەیە".

پێنج حیزب داوایان لێكردووە خۆی هەڵبژێرێت

بەهۆی گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەكانی كوردستان لە لیستی داخراوەوە بۆ لیستی نیمچە كراوە، حیزبەكان زۆرتر پەنا بۆ كەسایەتی و مەلا  و ئەو كەسانە دەبەن كە لە نێو خەڵك زۆر ناسراون.

مەلا عەلی ئاشكرای كرد كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر  حیزبەكان داوایان لێكردووە خۆی هەڵبژێرێت"پێنج حیزبی ئیسلامی و عەلمانی داوایان لێكردم خۆم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەڵبژێرم، بەڵام رەتمكردەوە، چونكە من حەزم لە سێ شت نییە (ژن و پارە و سیاسەت)".

نەخۆشخانەكەی بەسرا چاوەڕێی مقەستەكەی مەلا عەلییە

مەلا عەلی كەڵەك باس لە بەرپرسەكان دەكات و دەڵێت "بەرپرسەكان زۆربەیان نەخۆشن"، پاشان باس لە چەند بەرپرسێكی حكومی لە بەسرا دەكات، كە چوونەتە لای بۆ نەخۆشی "ئێستا لە بەسرا نەخۆشخانەیەكیان بۆ دروستكردووم، هەموویان شیعەن، بیناكە تەواو بووەو چاوەڕێ دەكەن من بچم  مەقەسی لێدەم، گوتیان لە نەجەف و كەربەلاش نەخۆشخانەت بۆ دەكەینەوە، منیش گوتم فێرتان دەكەم بەو مەرجەی بە خۆرایی چارەسەری خەڵك بكە".

گۆشتی سەگ بخۆ سەرمات نابێت

مەلا عەلی لێدوانی "خواردنەوەی میز چارەسەرە" هەرایەكی گەورەی نایەوە لە نێو نێوەندی تەندروستی. ئێستاش قسە لەسەر گۆشتی سەگ دەكات و دەڵێت "من لەگەڵ چەند شیشانییەك قسەم كردووە و دەڵێن گۆشتی سەگیان خواردووە و سەرمایان نەبووە، بەڵام ئاینی ئیسلام رێگە بەخواردنی گۆشتی سەگ نادات".

سەبارەت بە دوایین پرۆژەشی، مەلا عەلی گوتی "بە نیازم بچمە ئەفریقیا، چونكە لەوێ ئایدز زۆرە و چارەسەریان دەكەم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە