مەهدی محەممەد رواندزی
رووداو- سۆران
كاژێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی 20/7/2014 لە ماڵ دەچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی بە كەس بڵێت بۆ كوێ دەچێت، ئێوارەی ئەو رۆژە پەیوەندی بە كوڕەكەیەوە دەكات و دەڵێت نانی خۆتان بخۆن و چاوەڕێی من مەكەن. ئەمە دوا قسەی حەمەد نەبی بوو لەگەڵ خێزانەكەی. دوای 25 رۆژ تەرمی نەبی هێنرایەوە ماڵەكەی.
حەمەد نەبی حەمەد، 45 ساڵ، دانیشتووی گوندی جۆنەرەی سەر بە ناحیەی خەلیفانە و باوكی 8 منداڵە. دوای 25 رۆژ لە دیارنەمانی، رۆژی 13/8/2014 تەرمەكەی لەژێر لمی قەراخی رووبارێك لە نزیك چۆمان دۆزرایەوە.
دڵدار كوڕە گەورەی مام حەمەد، وەسفی باوكی بە كەسێكی رێكپۆش، ئارام و لەسەرخۆ دەكات. حەمەد كاری بەڵێندەرایەتی بچووك، لەوانەش دروستكردنی دیواری ئاوەڕۆی دەكرد.
دڵدار گێڕایەوە ئەو رۆژە باوكی وەكو رۆژەكانی دیكە دەستە جلێكی جوانی لەبەركردووە و چووەتە دەرەوە.
منداڵەكان چاوەڕێی گەڕانەوەی دەكەن، بەڵام كاژێر 8ی ئێوارە ئامۆزایەكی حەمەد تەلەفۆنیان بۆ دەكات كە بۆچی حەمەد مۆبایلەكەی داخراوە، ئیدی دڵی خێزانەكەی و منداڵەكانی دادەخورپێ.
كەسوكاری حەمەد بەبێ ئاگاداركردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ سۆراخی دەكەن، دەچنە هەموو ئەو شوێنانەی كە پێشتر بۆی دەچوو، بەڵام هیچ سەرەداوێكیان دەستناكەوێت، بۆیە دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار دەكەنەوە. بەڵام ئەوانیش هیچیان دەستناكەوێت.
دڵدار دەڵێت "14 رۆژ تەواوی ناوچەكانی حاجی ئۆمەران، سیدەكان، قەڵادزێ و سەر سنوور گەڕام، هیچ سۆراغێكی نەبوو، لە هەر كەسێك و بازگەیەكم دەپرسی، پێیاندەگوتم بەداخەوە نەمانبینیوە".
دوای ئەو چەند رۆژە، یەكێك لە برادەرەكانی بە دڵدار دەڵێ بۆ ناچیتە ئاسایشی گشتی سۆران، كێ دەڵێت دەستگیر نەكراوە؟ دڵدار دەڵێت "كاتێك چوومە ئاسایش بینیم ئۆتۆمبێلی باوكم لەبەردەم بینای ئاسایش راگیراوە، كاتێك پرسیارم كرد ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ لێرەیە و كوا خاوەنەكەی؟ ئەوان گوتیان لای ئێمە نییە و هیچ زانیاریەكمان لەسەری نییە، منیش پێمگوتن كە ئەوە 14 رۆژە بەدوای ئەو ئۆتۆمبێلە و خاوەنەكەیدا دەگەڕێین، چۆن تاوەكو ئێستا ئێمەتان ئاگادار نەكردووەتەوە".
دواجار تەرمی حەمەد لە ژێر لمی قەراخ رووبارێك لە قوبەی گەڵاڵەی ناوچەی باڵەكایەتی لەلایەن مێردمنداڵێك دۆزرایەوە كە خەریكی راوەماسی بوو. دڵدار دەڵێت "ئەو رۆژە تەلەفۆنێكم بۆ كرا كە لەچۆمان منداڵێك لە قەراخ رووبار تەرمێكی دۆزیوەتەوە، پاش ماوەیەك لەلایەن پۆلیسەوە ئاگاداركراینەوە كە ئەو تەرمە هی باوكمانە و بەهۆی مۆڵەتی شۆفێری ناسراوەتەوە".
دڵدار دەڵێت باوكیان كوژراوە، بەڵام كەی؟ لەلایەن كێ؟ بۆچی كوژراوە؟ ئەوە جارێ دیار نییە. دڵدار گوتیشی "باوكم ئەو رۆژە 20 هەزار دۆلاری پێبووە، تەرمەكەشی لە ژێر لمی رووبارەكە دۆزراوەتەوە، ئەوەش دەریدەخات كە پێدەچێ بۆ پارە كوژرابێت". بۆیە ئەو داواكارە لەلایەنی ئەمنیی دەڤەرەكە بكوژ بدۆزنەوە "داواكارم لەلایەنی ئەمنی كە بە زووترین كات بكوژانی باوكمان بدۆزنەوە". گوتیشی "ئەگەر بزانم ئاسایش و پۆلیس هیچیان پێنەكرا، ئەوە خۆم بە دوای بكوژانی باوكمدا دەگەڕێم و تا نەیاندۆزمەوەو حەقی خۆیان وەرنەگرن راناوەستم".
ئاسایش: بكوژ دۆزراوەتەوە
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند كە كەسێكیان بە تۆمەتی كوشتنی حەمەد دەستگیركردووە و لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە. سەرچاوەكەی ئاسایش گوتی "بكوژەكە خەڵكی گوندێكی دەوروبەری گوندەكەی ئەوانە و هەر لە ناوچەكەدا بە فرت و فێڵ و بە ناوی مامەڵە هێناویەتیە دەرەوە".
بەپێی قسەی سەرچاوەكەی ئاسایش، بكوژەكە 6 گوللەی دەمانچەی لە حەمەد نەبی داوە و دەمانچەكەی فڕێداوە، تەرمەكەشی هەر لە شوێنی كوشتنەكەی خستووەتە ژێر گڵ.
لەسەر ئەوەش كە بۆچی ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەبەردەم ئاسایشی سۆران راگیرابوو، ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش دەڵێ "ئۆتۆمبێلەكە لە جووتسایدی جوندیان راگیرابوو، هاووڵاتیان ئاگاداریان كردینەوە كە ئۆتۆمبێلێك ماوەیەكی زۆرە لەو شوێنە راوەستاوە، كارمەندانی ئێمەش چوونە شوێنەكە و ئۆتۆمبێلەكەیان هێنایە ئاسایش، بۆیە كەسوكارەكەی گومانیان دەكرد لەلای ئاسایش دەستگیر كرابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ