دانانی جۆزەی 20 ئەمپێڕی لە سلێمانی راگیرا

19-08-2017
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن سلێمانی کارەبا
A+ A-

رووداو- سلێمانی

دوای دانانی جۆزەی 20ئەمپێڕی بۆ هاوبەشەكانی كارەبا، لە ژمارەیەك قەزا ‌و شارۆچكەی سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەكەیان راگرتووە ‌و هۆكاری ئەوەش رووندەكاتەوە.

سالار حوسامەدین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو جۆزە20ئەمپێڕیانەی بۆ هەزاران هاوبەشی كارەبا دایانناوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەریان نوسراوە 20ئەمپێر، بەڵام بەهۆی باشی جۆرەكەیانەوە، هەتا 25ئەمپێڕ كارەبایان لێوە دەرنەچێت ناكوژێتەوە، بەو جۆرەش بە كەڵكی ئێمە نایە، هەر بۆیە سەرباری داواكاریەكی زۆر بۆ دانانی جۆزەی 20ئەمپێڕی پرۆژەكەمان راگرتووە، هەتا جۆرە جۆزەیەكمان بۆ نەیەت كە لە 20ئەمپێردا بكوژێتەوە دەست بە پرۆژەكە ناكەین".

بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دانانی جۆزەی 20ئەمپیڕی لە زۆربەی  قەزا ‌و شارۆچكەكانی سلێمانی، داواكارییەكی زۆریان بەدەست گەیشتووە ‌و گوتی "هەتاوەكو ئێستا جۆزەی 20ئەمپێری بۆ 25هەزار هاوبەشی كارەبای پارێزگای سلێمانی دانراوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكەمان راگرتووە، هەتا ئەو گرفتە چارەسەر نەكەین، دەست بە دانانەوەی جۆزەی 20ئەمپێری ناكەینەوە".

لە پارێزگای سلێمانی 570 هەزار هاوبەشی كارەبا هەیە بۆ هەموو ئەو هاوبەشانە نزیكەی 600 مێگاوات كارەبا دابین كراوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە