رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری پرۆژەی رێگەی هەولێر - كۆیە دەڵێت، بەرنامەیان داناوە مانگی داهاتوو دەست بە قیرکردنی جووتسایدەکە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی 8ی 2025، حەردان سەعید، سەرپەرشتیاری دروستكردنی رێگەی هەولێر - كۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر هیچ شتێک نەبێتە بەربەست، بەنیازین مانگی نۆ دەست بە قیرکردنی جووتسایدی هەولێر – کۆیە بکەین."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، قیرتاوکردنەکە بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، مەرج نییە هەموو رێگەکە پێکەوە ئامادە ببێت ئینجا دەست پێ بکرێت؛ چونکە شوێن هەیە کارکردنی زیاتری دەوێ تاوەکو ئامادە دەکرێت.
رێگەکە نزیکەی 37 کیلۆمەترە. حەردان سەعید گوتی: "هەر کیلۆمەترێک ئامادە بێت، یەکسەر قیری دەکەین و لەسەر کیلۆمەتری دواتری ناوەستین."
رۆژی پێنجشەممە، 10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا، بەردی بناخەی جووتسایدی هەولێر - کۆیەی دانا. پرۆژەکە بە گوژمەی 435 ملیار دینار، لەلایەن كۆمپانیای ئاوزان بە سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر، جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەی بەکارهێنانی ئەو رێگەیەی کە قیرتاو دەکرێت و تەواو دەبێت، حەردان سەعید گوتی: "شوێن هەیە ئاساییە بەکاربهێنرێت، شوێنیش هەیە رەنگە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نەتوانرێت بەکاربهێنرێت. بەڵام بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین بەزووترین کات بیخەینە خزمەتی هاونیشتمانیان."
بە تەواوبوونی پرۆژەکە دووری رێگە نوێیەکە بەراورد بە رێگە کۆنەکە نیو کاژێر کەمتر دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ