رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەمەرج بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستان دراوە.
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رۆژی سێشەممە، 19ـی ئاب لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە، رێکارەکان بۆ ناردنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
هەڵکەوت عەزیز لەنێو کۆبوونەوەکەوە زانیاریی دەستکەوتووە و دەڵێت: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی راسپاردووە رێکارەکانی خەرجکردنی پارە دەستپێبکات، بەو پێیە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکە دەگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی."
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چوار کاژێری خایاند.
مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە چین؟
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتی: "لەنێو کۆبوونەوەکە بڕیار دراوە، دەبێ هەرێمی کوردستان 120 ملیار داهاتی نانەوتی رەوانەی عێراق بکات."
بە گوتەی هەڵکەوت عەزیز یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی بەغدا ئەوەیە کە "ئەو لیژنانەی بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتی نانەوتی پێکهێنراون، دەبێ کارەکانیان تەواو بکەن."
مەرجێکی دیکەش ئەوەیە "کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەیان بن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و داوای رێککەوتنی نوێ نەکەن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ."
هاوکات، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو باسی کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق کرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەکە هەردوولا داتا و زانیارییەکانیان بە وردیی تاوتوێ کردووە، جگە لە هەندێک کێشەی تەکنیکی کە بڕیارە چارەسەر بکرێن، لیژنەکان هیچ گرفتێکیان لەنێوانیاندا نەبوو."
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، داهاتی نانەوتی ئامادەکراوە، بەڵام چاوەڕوانی وەرگرتنی دڵنیایین لەلایەن عێراقەوە بۆ ناردنی مووچە، ئەوانیش دواتر 120 ملیار دیناری داهاتی نێوخۆ دەنێرن بۆ عێراق.
لەدوای راسپاردنی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تائێستا دیار نییە ئەو وەزارەتەی عێراق کەی رێکارەکانی پارەدارکردن دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ