هێرش و پێشڕەوی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال بەردەوامە

19-12-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن شنگال
A+ A-

ناسر نهێلی
رووداو – شنگال

هێرش و پێشڕەویەكانی پێشمەرگە لە میحوەری زووممار و شنگال بەردەوامن و، بەپێی سەرچاوەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە، شەوی رابردوو پێشڕەوی بەرچاویان ئەنجامداوە.

دوێنێ ئێوارە مەسروور بارزانی ، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ، رایگەیاند كە پێشمەرگە توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنی رۆژانی 17 و 18ی ئەو مانگەدا 700 كیلۆمەتری چوارگۆشە كۆنترۆڵبكاتەوەو هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە یەكیانگرت كە لەسەر چیای شنگالن ، لە دوای گرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە .

نەقیب ئیسماعیل ، لە هێزی پێشمەرگەی پاراستنی شنگال ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ، كە پێشمەرگە شەوی رابردوو پێشڕەوی بەرچاوی ئەنجامداوە و، روونیكردەوە كە پێشمەرگە لە دووڕییانی حەردان بەرەو دهۆلا چووە ، دواتریش بەرەو بوهركا چووە ، لەوێشەوە چووەتە گوندی گوهبەل ، ئینجا چووەتە زۆراڤا . بەڵام ئەوەشی راگەیاند ، كە پاككردنەوەی ئەو گوند و كۆمەڵگە گەورانە لە بۆمب و تەقەمەنی كاتی پێویستە . هەروەها رایگەیاند كە بۆمبارانی فڕۆكەكان و پێشڕەوی پێشمەرگە شەوی رابردوو ، هاوكات پێكەوە بەردەوامبووە .

هەروەها رایگەیاند ، خێزانە كوردە ئێزدییەكانی نێو چیای شنگال ، هەست بە خۆشییەكی زۆر گەورە دەكەن ، هەندێكیان دەیانەوێ بێنە دهۆك ، بەڵام بەشی زۆریان دەیانەوێ چاوەڕێ بكەن و بە یەكجاری بگەڕێنەوە بۆ نێو گوند و شارەكانیان .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە