رووداو - سلێمانی
یانە و فێرگە ئەسپسوارییەکان لە سلێمانی لە زیادبووندان و رۆژ لەدوای رۆژیش گەنجان زیاتر روو لە فێرگەکان دەکەن تاوەکو خۆیان فێری ئەسپسواری بکەن.
بڕوا ئەبوبەکر، خاوەنی فێرگەیەکی ئەسپسوارییە، ئەو هەر لە منداڵییەوە خۆی خولیای ئەسپسواریی هەبووە و دوای تەواوکردنی خوێندن جگە لە ئەرکی مامۆستایی ئەو فێرگەیەی کردووەتەوە.
بڕوا دوای خاوێنکردنەوە و زینکردنی ئەسپەکەی، چەند خوولەکێک بۆ مەشق و گەرمکردنی لاشەی راهێنان بە ئەسپەکەی دەکات، ئەوە کاری رۆژانەی بڕوا و هاوکارەکانی دیکەیەتی لە فێرگە ئەسپسوارییەکەیان، تاوەکو ئەسپەکان ئامادە بکەن بۆ ئەوانەی دەچن ئەسپەکان بە کرێ دەگرن تاوەکو بۆ چەند کاژێرێک خۆیان فێری ئەسپسواری بکەن.
بڕوا ئەبوبەکر بە رووداوی گوت، "بەشداریکردنی فێرخواز بۆ ئەسپسواری بە چەند شێوازێکە، بەشێکیان دێن بۆ فێربوون، ئەوان هەفتانە دێن و خوول دەبینن و فێردەکرێن، بەشێکی دیکەشیان خۆیان ئەسپسواری دەزانن و دێن بۆ چەند کاژێرێک ئەسپەکان بە کرێ دەگرن و دەچن سواریی خۆیان دەکەن."
لە سلێمانی رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی فێرگەکانی ئەسپسواری لە زیادبووندان و ئێستا 17 فێرگەی ئەسپسواریی فەرمی هەن.
ئەو کەسانەی ئارەزووی فێربوونی ئەسپسوارییان هەیە، پێکەوە بە رەوت بە پێشڕەویی راهێنەرانی فێرگەکان دەچنە ناوچە دەشتاییەکان و فێری رۆیشتن و تاودان بە ئەسپەکان دەکرێن.
پەیوەند حوسێن، راهێنەری ئەسپسوارییە لە فێرگەکەی بڕوا، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو فێرخوازانەی دێنە لامان، پێش ئەوەی بچنە دەرەوەی پەرژین ئێمە پرسیاریان لێدەکەین لەوەی کە سواری دەزانن یان نا، ئەگەر نەیزانن خۆمان فێریان دەکەین و لەگەڵیان دەبین؛ رێکارەکانی ئەسپسوارییان فێردەکەین لەناو حەلەبی فێرگەکەمان، پاشان دەچینە دەرەوە."
ئەلەند حوسێن، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە، فێرخوازی ئەسپسوارییە و گوتی، "شەش مانگ دەبێت خولیای ئەسپسواریم هەیە، سەرەتا هاتمە ئەم فێرگەیە و لێرە لەگەڵ کاپتنەکان دەستم پێکرد تاوەکو فێربم، سوپاس بۆ خوا لە ماوەی مانگێک تەواو فێربووم، پەندێکی کوردییش هەیە دەڵێت، سوار تا نەگلێت، نابێت بە سوار. لە خودا بەزیادبێت تەنها یەکجار گلاوم، بەڵام فێربووم."
ئێستا لە سلێمانی 17 و لە هەولێر 12 فێرگەی ئەسپسواری هەن؛ دوو یانەی ئەسپسوارییش هەن، ساڵانەش بەهۆی فێستیڤاڵە ئەسپسوارییەکانەوە لە شارە جیاوازەکانەوە ئەسپسواران کۆدەبنەوە و یەکتریش دەناسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ