سەرۆک بارزانی: زیانگەیاندن بە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا قابیلی قبووڵ نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پەیامێک لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: "زیانگەیاندن بە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نابێت" و داوای راگەیاندنی ئاگربەست دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد و تێیدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و رووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەدا دەڵێ: "لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە رەفتار بکات؛" هەروەها هۆشداری دەدات کە نابێت کارێک بکرێ "زیان بە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا بگات، کە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نابێت."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تووشی کارەسات و نەهامەتی نەبن؛ هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی لەم دۆخە ئاڵۆزەدا "مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریش لە ئارادایە کە خۆی لە خۆیدا هەڕەشەیەکی زۆر جیدییە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەکات بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ رابگیرێ.
 
سەرۆک بارزانی داوا دەکات "ئاگربەستێکی سەرتاسەری رابگەیێندرێ و کێشەکان بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ رای گشتی
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە نیگەرانییەكی زۆرەوە و بەوردی بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندن و رووداوەكانی سووریا و رۆژئاوا دەكەین، لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە رەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانمان لە رۆژئاوا بگات، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت.
 
 ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە رۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن. لەلایەكی ترەوە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دروست بووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریش لە ئارادایە كە خۆیەلەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جددییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە.
 
لێرەدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەكەین كە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەینرێت و كێشەكان بە شێوازێكی ئاشتیانە و لەڕێگەی حیوارەوە چارەسەر بكرێن.
مسعود بارزانی
20ی كانوونی دووەمی 2026
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە