رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی یەکەم هەینیی مانگی رەمەزان، مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر بووە جێگەی کۆبوونەوەی هەزاران نوێژخوێن. د. بەشیر حەداد لە گوتاری هەینیدا تیشکی خستە سەر رەهەندە رۆحییەکانی رۆژوو و چەند پەیامێکی ئاراستەی موسڵمانان کرد.
د. بەشیر حەداد لە گوتارەکەیدا جەختی لە پرەنسیپەکانی "دانبەخۆداگرتن" کردەوە. رایگەیاند کە رەمەزان تەنیا مانگی دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو مەشقێکی گەورەیە بۆ زاڵبوون بەسەر نەفس و بەهێزکردنی ئیرادەی مرۆڤ لەبەردەم ئارەزووەکانیدا.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، د. بەشیر حەداد هۆشداریی دا بە موسڵمانان لە مەترسیی بەفیڕۆدانی کاتە زێڕینەکانی ئەم مانگە و گوتی: "پێویستە موسڵمانان کاتەکانیان بە عیبادەت و نزیکبوونەوە لە خودا بڕازێننەوە، نەک کاتەکانی رەمەزان بە سۆشیاڵ میدیا و شتی بێسوود بکوژن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەکارهێنانی لە رادەبەدەری تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مرۆڤ لە ئامانجە راستەقینەکەی رۆژوو، کە "گەیشتنە بە تەقوا و ئارامیی دەروونی، دوور دەخاتەوە".
لە کۆتاییدا، داوای لە ئامادەبووان کرد کە ئەم مانگە بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆگۆڕین و بایەخدانی زیاتر بە: "خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، پابەندبوون بە نوێژەکان، ئەنجامدانی کارە خێرخوازییەکان و یارمەتیدانی هەژاران".