رووداو دیجیتاڵ
لە کەشوهەوایەکی باراناویدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەر و کۆنسووڵی 40 وڵات و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و حیزبی هەروەها بە بەشداری 75 هەزار گەشتیار کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئەم ساڵ لە ئاکرێ سازکرا.
سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵەکە پێش دەستپێکردن و لەبارەی ئامادەکارییەکان و چالاکییەکانەوە گوتی، 350 مەشخەڵیان ئامادەیە و ئەو گەنجانەی مەشخەڵەکان هەڵدەگرن، هاونیشتمانیی هەر چوار پارچەی کوردستانن.
لە کەرنەڤاڵەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "لە هیچ شوێنێکی دنیادا، ئەم رێوڕەسمە هاوشێوەی ئاکرێ پیرۆز نەکراوە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ هاتینە ئێرە تاوەکو لە ساڵانی داهاتوو، ئاکرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزکردنی نەورۆز لە ئاستی هەرێمی کوردستان و جیهاندا."
لە کاتی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکەدا لەو قەزایە بارانی بەلێزمە دەستیپێکرد، بەڵام چالاکیی کەرناڤاڵەکەی پەکنەخست و ئاگری مەشخەڵەکان چیای کەلا ئاکرێی رووناک کردەوە.
لەگەڵ ئەو تیمانەی لە چالاکییەکەدا بەشداربوون، ژمارەیەک هاونیشتمانیی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلوبەرگی کوردییەوە چوونە لووتکەی چیاکە.
وێنە - عەلی غازی