رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی بواری ژنان لە کوردستان و دامەزراوە و دادوەری تایبەت بە کەیسەکانی خێزان هەن، بەڵام دووبارە ئامارەکان هاونیشتمانیانی تووشی شۆک کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش لە ساڵی 2010 تاوەکو 2020 ، 490 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
کۆمپانیای گوگڵ لە نامەیەکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، زۆرترین پرسیار گەنجانی عێراق لە گووگڵیان کردووە تایبەت بووە بە خەمۆکی، کە ئەوەش بە یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەنجامدانی کردەی تووندوتیژی دادەنرێت.
شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان هەر هەبووە، بەڵام ئەوەی وایکردووە لەم ماوەیە رێژەی تووندوتیژی بەرزبێتەوە ئەوەیە لەدرێژایی چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە چەند قەیرانێکی یەکبەدوای یەکدا تێپەڕیوە. بەجەنگی دژی تیرۆردا تێپەڕیوە، بە قەیرانی ئابووریدا تێپەڕیوە و ساڵێکی تەواویشە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی تەندروستیدا تێپەڕیوە، کە ئەمە وایکردووە دەروونی تاکەکان ماندووتر ببن، ئەمە هۆکارێکی سەرەکیش بووە لە دونیادا بۆ زیادبوونی تووندوتیژییەکان."
تووندوتیژیەکانی جەستەیی، دەروونی و ئابووری لە جۆرە باوەکانن لە کۆمەڵگەی کوردییدا. بەگوێرەی ئەو کەیسانەی لەلای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان تۆمارکراوە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ژنێک کوژراوە، 7 ژن خۆیان کوشتووە، 8 ژن سووتاون، 4 ژنیش خۆیان سووتاندووە، 66 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە و 5 ئافرەتیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنهى داكۆكى لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی هەیە. پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، بڕگەی دیکەی بۆ زیاد بکرێت. سزای تووندتر هەبێت بۆ تاوانەکان بۆ ئەوەی ئەو دیاریدەیە بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بچێت. هەروەها پێویستە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەماهەنگ و هاوکاری یەکتری بن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کەوا لە پەرلەمانەوە دەردەچن."
بەدواداچوونەکان دەریدەخەن هەندێک هۆکار کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی تووندوتیژییەکان دژی ژنان هەبووە، لەوانەش خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زاڵی هزر و نەریتی خێڵەکی و جێبەجێنەکردنی یاسای بە تەواوی بەسەر تۆمەتباراندا.
ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بە رووداوی راگەیاند "دۆسیەکان دیوێکی دەبینین کە پەیوەندی بە ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و پۆلیسەوە هەیە، بەڵام بەقەد ئەوە گرنگ دامودەزگاکانی یاسایی و دادگەکانن. دەبێت بەڕاستی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانیش بکرێت یان لانیکەم دراسە بکرێت، بۆنمونە: ئەو دۆسیەیەی لە چەند رۆژی رابردوو لە 17ی مانگ لە هەولێر روویدا، دامودەزگای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و ئاسایش بە هاوبەشی بە ئەرکی خۆیان هەڵساون، بەڵام کاتێک دادوەر بە کەفالەتی 5 ملیۆن دینار تۆمەتبارەکە ئازاد دەکات زەمینە خۆش دەبێت بۆ تاوانێکی گەورەتر."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2010 تاوەکو 2020 ، لە هەرێمی کوردستان 490 ژن کوژراون، 612 ژن خۆیان کوشتووە، 73 هەزار و 15 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.
.png&w=3840&q=75)
