رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و گازدا واژۆ کردووە، بەهاکەیان زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەبێت. سەرۆکی حکومەتیش دەڵێت، ئەم گرێبەستە جەخت لە پابەندبوونی کوردستان دەکاتەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لە رێگەی گەشەپیدان ئابوورییەوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "مەبەستی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆکی حکومەت لە 17-05-2025 بۆ واشنتن، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسیی، ئابووری و سەربازییەکانە لەگەڵ حکومەت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان".
کەمال محەممەد باسی لە گرێبەستەکان کرد و گوتی: "لەم گەشتەدا دوو گرێبەست لە بواری پیشەسازی نەوت و گازدا واژۆ دەکرێن. گرێبەستی یەکەم بۆ گازە لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنرجی، کە پێکهاتووە لە دوو کۆمپانیا؛ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس، کە لە بواری نەوتدا کار دەکەن".
"گرێبەستەکان بۆ بەکارهێنانی گازە لە بەرهەمهێنانی کارەبا"
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد: "گرێبەستەکان بۆ ئەوەیە کێڵگەی گاز بەکاربهێندرێت لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها بۆ ئەو کارەبایەش کە بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن".
بە گوتەی کەمال محەممەد، بەگوێرەی داتاکان، کێڵگەی میران هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی تێدایە. گوتیشی: "وەکو سەرەتا لەماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەکو قۆناخی یەکەم پێشبینی دەکرێت 50 بۆ 70 ملیۆن پێ سێجا گازی لێ دەربهێندرێت. دواتر کێڵگەکە گازی زیاتر بۆ تۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابیندەکات".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بە گرێبەستێکی دیکە کرد و گوتی: "گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، ئەو کێڵگەیەش کێڵگەی گاز و نەوتیشی تێدایە، وێستێرن زاگرۆس کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، پێشتر لە کێڵگەی کوردەمیر کاری کردووە. ئەم گرێبەستەش بۆ ئەوەیە، کێڵگەی کوردەمیر لەگەڵ کێڵگەی تۆپخانە بەرهەمی نەوت و گازیان زیاتربێت".
سەرۆکی حکومەت: گرێبەستەکە جەخت لە پابەندبوونمان بە ئاشتی و پێشکەوتن دەکاتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە پاش واژۆکردنی گرێبەستەکە گوتی، "ئەم گرێبەستە چەندین ملیار دۆلارییە، جەخت لە پابەندبوونی کوردستان دەکاتەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لە رێگەی گەشەپێدانی ئابوورییەوە، زۆر خۆشحاڵم کە دووبارە لێرەم لە واشنتن بەتایبەتی بۆ ئامادەبوونم لە واژۆکردنی ئەم دوو گرێبەستە زۆر گرنگە. بێگومان هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن و وێستێرن زاگرۆس ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان کاردەکەن و زۆریان بە کوردستان بەخشیوە، سوودیان بە خەڵکەکەمان گەیاندووە، هەروەها بە هەموو عێراق."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "پێموایە ئەم وەبەرهێنانە نوێیانە زۆر گرنگ دەبن لە پەرەپێدانی ناوچەکە بە گشتی. حکومەتەکەمان زۆر بایەخی بە پەرەدان بە کەرتەکانی وزە لە کوردستان داوە؛ بەتایبەتی بەرنامەکانی چاکسازیمان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژێری لە هەموو کوردستان، بە هیوای ئەوەی ئەو بڕە تەواوەمان هەبێت کە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقیشی بنێرین."
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ رووداو: راوێژمان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەکردووە
وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "راوێژمان لەگەڵ حکومەتی عێراق یان وەزارەتی نەوتی عێراقدا نەکردووە، بەڵام ئەم ژێرخانە وەکو گاز و نەوت، بەتایبەت گاز لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە، چونکە ئێستا کێڵگەکانی کۆرمۆر و خورمەڵە کە 650 ملیۆن پێ سێجا گازیان هەیە، زیاتر لە هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق بەرهەمدەهێنن".
وەزارەتی نەوتی عێراق: گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا پووچەڵن
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە."
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە."
بەڵام دوێنێ دووشەممە کەمال محەممەد لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە گوتی: "گرێبەستەکان نابێت کێشە دروست بکەن، چونکە هەمان گرێبەستەکان پێشتر هەبوون، تەنیا کۆمپانیایەک دەرچووە و یەکێکی دیکە چووەتە شوێنی، ئێمەش چاوەڕێ ناکەین بەغدا رازی دەبێت یان نا، چونکە گرێبەستی دیکەمان هەیە و کێشە هەبێ بۆ هەمووی دەبێت، بۆیە پێشبینی کێشە ناکەم".
سامانە سرووشتییەکان: گازی بەرهەمهێندراو ئەگەر لە پێویستیی زیاتربوو، دەیفرۆشین
کەمال محەممەد باسی بەرهەمهێنانی کارەبای کرد بە پشت بەستن بە گازی سرووشتی و گوتی: "ئێستا گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنین، توانای ژێرخانی کارەبامان هەشت هەزار و 189 مێگاواتە، بەڵام ئەوەی بەرهەمدەهێندرێت نزیکەی 4500 مێگاواتە، ئەویش بەهۆی نەبوونی گازی پێویستەوە. ئێستا وێستگەکانی هەرێم[ـی کوردستان] بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستیان بە یەک ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز هەیە، ئێمەش ئەوەی هەمانە 525 ملیۆن پێ سێجای لە کۆرمۆر و 120 بۆ 130 پێ سێجا لە خوورمەڵەیە، ئەوەش نیوەی پێویستیی کارەبایە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان پێیوایە گرێبەستەکان دەبنە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، هەروەها بۆ پیشەسازی وەکو چیمەنتۆ و ئاسن بەکاردەهێندرێت، کە ئێستا نەوتی رەش بەکار دەهێنن؛ هاوکات دەیانەوێت وەکو وڵاتان گاز بۆ ماڵان دابینبکەن.
بە گوتەی کەمال محەممەد، گازی بەرهەمهێندراو ئەگەر لە پێویستیی کارەبا، پیشەسازی و ماڵان زیاتربوو، ئەوکاتە دەیفرۆشن.
"نرخی گرێبەستەکان 110 ملیار دۆلارە"
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "کۆمپانیای HKN پێشتریش دوو کێڵگەیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کێڵگەی سەرسنگ و ئەترووش، ئەمە دەبێتە کێڵگەی سێیەم، کۆمپانیاکە ئێستا 75 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "لە کێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەکان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا نزیکەی بەهای 40 ملیار [دۆلار] دەکات. بەهەمان شێوە بابەتی کێڵگەی تۆپخانە لەگەڵ کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، پێنج ترلیۆن پێ سێجا گاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بەگوێرەی نرخی ئێستا نزیکەی 70 ملیار دۆلار دەکات و پێکەوە دەبێتە 110 ملیار دۆلار، بەڵام ئەمە پێشبینییە و دەکرێت زیاتر یان کەمتر بێت".
کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس: کوردەمیر و تۆپخانە جگە لە گاز، نەوتیشیان تێدایە
کاروان زێباری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس کە کۆمپانیای گرێبەستکارە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 01:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەم گرێبەستە نوێ نییە، لە 2006ـەوە کار لەوێدا دەکرێت و گرێبەست هەیە، ئەوکات کۆمپانیایەکی ئیسپانی لەوێ کاری دەکرد لەو بوارە، بەڵام ئێمە گوتمان گرێبەستەکە بە کۆمپانیاکەوە دەکڕین."
کاروان زێباری گوتی، "کێڵگەی کوردەمیر و تۆپخانە زۆر گازیان تێدایە، کەوتوونەتە نێو پڕۆژەی ستراتیژی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێم و عێراقیش. هەلی کاریش دەڕەخسێنێت، چونکە دەبێت 75٪ی کارمەندەکان خەڵکی ئەو ناوچانە بن کە کێڵگەکانیان تێدان."
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس ئاماژە بەوەش دەکات، "جیۆلۆجی ئەو دوو ناوچەیەی کوردەمیر و تۆپخانە، نەوت و گازیان هەردووک تێدایە، بڕەکەشیان زۆرە. بە ئەگەری زۆریشەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستبەکار دەبین و بە ماوەی دوو ساڵ کارەکان تەواو دەکەین."
شرۆڤەکارێکی ئابووری: ئەم رێککەوتنە کێشەی گەورە لەگەڵ بەغدا دروست دەکات
شوان زوڵاڵ، شرۆڤەکاری ئابووری لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "من زۆر گەشبین نیم بەم گرێبەستانەی کە واژۆ کراون، چونکە وەکو نموونە کێڵگەی میران نزیکەی 20 ساڵە چەند کۆمپانیایەک ویستیان وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بەڵام کێشەی زۆری تێدابوو، بۆ نموونە، تێچووی دەرهێنانی گاز زۆرە. بەڵام بۆ تۆپخانە کەمێک گەشبینترم، چونکە پێشەکی دەتوانرێت نەوت دەربهێنرێت دوایی گازەکەی."
شوان زوڵاڵ گوتی، "ئەم رێککەوتنە کێشەی گەورە لەگەڵ بەغدا دروست ئەکات، چونکە هێشتا رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەکراوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بۆیە واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە وائەکات هەناردە کردنەوەی نەوت زیاتر دوا بکەوێت."
وەک ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "ئێستا عێراق پێویستی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم گرێبەستە کێشە بۆ ئەو پرۆسەیە دروست دەکات و دوای دەخات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ