سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا: پێویستە مووچەی هاووڵاتییان نەکرێتە بەشێک لە ململانێی سیاسی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئابی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە گویندەلن گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێریش ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت کرا.
 
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون کە "پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی."
 
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە بەپێی یاسا و دەستوور گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، دووپات کراوەتەوە.
 
لە لایەکی دیکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بارودۆخی سووریا و هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەروەها، بەرەوپێشچوونەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
 
رۆژی سێشەممە 19ی ئاب هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 6 بە مەرج دراوە، رێکارەکان بۆ ناردنی پارەکە بۆسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە شێوەی بنچینەیی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی سێ خاڵ.