دەقی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

19-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رەچاوی سێ خاڵ بکرێ و بەشداربووییەکیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بە رووداوی گوت: "هیچ مەرجێکی کۆنکرێتی دانەنراوە".

رۆژی سێشەممە 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە دەقی بڕیاری ئەنجوومەنەکەدا لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتووە:
 
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە شێوەی بنچینەیی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
 
1. ئەو لیژنانەی لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ی بڕیارە ئاماژەپێکراوەکەدا ناویان هاتووە، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەک لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە بەرزبکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
 
2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێندراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتەکانی نانەوتی هەرێم بەگوێرەی یاسا و حکومەتی هەرێم ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی دووەم/1ی بڕیارەکە ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسندکرابێت.
 
3. حکومەتی هەرێم کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (550)ی ساڵی 2025.
 
سەبارەت بەو سێ خاڵەی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاماژەیان پێکراوە، سەرچاوەیەکی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لە بڕیارەکەدا وشەی "رەچاوکردن" بەکارهاتووە، واتە داوا کراوە ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگیرێن، نەوەک وەکو مەرج سەیربکرێن و بگوترێت "دەبێت جێبەجێ بکرێن، ئینجا مووچە دەنێردرێت."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، بەهۆی ئەوەی خاڵەکان مەرج نین، دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێ. 
 
بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 17ـی تەممووزی 2025 دەرچوو، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی دۆسیە دارایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بەڵام 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.