رووداو دیجیتاڵ
لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 بەهۆی سەرماوە کرایە پشووە.
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە (21ی کانوونی دووەمی 2026) بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، بانکەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن.
بەپێی راگەیێنداوەکە، بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندرووستییەکان ناگرێتەوە.
کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێش بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە سەرجەم قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوە حکومیەکان و بانکەکان دابخرێن، ئەوەش بە مەبەستی کەم بەکارهێنانی گاز و وزە.
لە پارێزگای کرماشانیش، بە مەبەستی کەم بەکارهێنانی گاز و وزە، لە پەیمانگە و قوتابخانەکان دەبێتە پشوو و لە دامەزراوە حکومیەکان و بانکەکانیش دوو کاژێر درەنگتر دەست بە کارکردن دەکرێت.
هەر بەهۆی سەرما و دابەزینی پلەی گەرماوە کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان بکرێنە پشوو و دەوام لە دامەزراوە حکومییەکان و بانکەکان دوو کاژێر درەنگتر دەست پێبکات.
تاوەکو ئێستا پارێزگای لوڕستان هیچ بڕیارێکی لەبارەی پشوو نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ