ئاڵنگارییە نوێیەکانی بەردەم زمانی کوردی؛ تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
وێنەیەک لە دیبەیتەکە
وێنەیەک لە دیبەیتەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا جارێکی دیکە پرسی مانەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی لەنێوان رەسەنایەتی و مۆدێرنێتەدا دەبێتەوە رۆژەڤی ناوەندە ئەکادیمییەکان. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر زمانی کوردی نەچێتە نێو جومگەکانی تەکنەلۆژیاوە رووبەڕووی مەترسیی پەراوێزخستن دەبێتەوە.
 
د. پەخشان فەهمی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەدیجیتاڵیکردنی زمانی کوردی لە ئەکادیمیای کوردی لە دیبەیتێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە کاریگەریی ژیری دەستکرد لەسەر زمانی کوردی کرد و پێیوایە لەم سەردەمەدا پێویستە زمان لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە بەهێز بکرێت. هاوکات محەممەد فاتیح محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان (KCAK) پێیوایە مەرج نییە تەنیا لەرێگەی زمانی کوردی خۆیەوە هەوڵی پاراستنی زمانەکە بدرێ.
 
"ژیریی دەستکرد؛ دەرفەت یان هەڕەشە؟"
 
د. پەخشان فەهمی باسی لەوە کرد، جیهان بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات کە تێیدا تەکنەلۆژیا سنوورە فیزیکییەکان دەبڕێت و گوتی: "لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، پاراستنی زمان تەنیا بە قسەکردن نابێت، بەڵکو دەبێت کار بۆ پەرەپێدانی زمانەکە لەرێگەی تەکنەلۆژیاوە بکرێ".
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەدیجیتاڵیکردنی زمانی کوردی گوتی، ئەوان لە ئەکادیمیای کوردی کارێکی چڕ دەکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە بەشێک لە سیستمە جیهانییەکانی ژیریی دەستکرد و گوتیشی: "بوونی 700 فەرهەنگی زمانی کوردی ژێرخانێکی بەهێزە بۆ ئێمە، بەڵام لە کۆکردنەوەی دەستنووسە کۆنەکاندا تووشی ئاستەنگی زۆر دەبین کە پێویستە چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی داتای پێویستمان لەبەردەست بێت".
 
ئەرشیفکردن بە ستانداردی جیهانی
هاوکات محەممەد فاتیح محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان (KCAK) تیشکی خستە سەر لایەنی ئەرشیفکردنی زانستی و رایگەیاند، تیمێکی تایبەتمەندیان بۆ بەدیجیتاڵیکردنی دەستنووس و بەڵگەنامە کوردییەکان پێکهێناوە.
 
محەممەد فاتیح ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی ئەوان تەنیا کۆکردنەوە نییە، بەڵکو "بەپێی ستانداردی کتێبخانەی کۆنگرێسی ئەمریکی بەڵگەنامە کوردییەکان ئەرشیف دەکەین" تاوەکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێن.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان (KCAK) رەخنەی لەو کەس و لایەنانەش گرت کە ئەرشیفەکان دەشارنەوە و گوتی: "شاردنەوەی ئەرشیف و بەڵگەنامە مێژووییەکان هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و زیان بە پرۆسەی پاراستنی زمان و مێژوومان دەگەیەنێت."
 
ناساندنی کوردی بە جیهان
 
یەکێکی دیکە لە مژارە گرنگەکانی دیبەتەکە پرسی گەیاندنی زمانی کوردی بوو بە نەتەوەکانی دیکە. بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان پێی وایە پاراستنی کوردی تەنیا لە نێوخۆدا نییە، بەڵکو دەبێت زمانی کوردی بە وەرگرانی زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێ و گوتی: "دەتوانرێ لەرێگەی زمانەکانی دیکەشەوە خزمەت بە زمانی کوردی بکرێ و بپارێزرێت، ئەمەش لەرێگەی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە کوردییەکان بە زمانە زیندووەکانی جیهان".
 
لە دیبەیتەکەی تۆڕی میدیایی رووداودا هەردوو میوانەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی زمانی کوردی لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە؛ دەبێت لەگەڵ شەپۆلی بەدیجیتاڵیکردندا هەنگاو بنێت یان لە پاشکۆی زمانە زیندووەکان دەمێنێتەوە و بەرپرسیارێتییەکەش لە ئەستۆی دامەزراوە حکومییەکان و ناوەندە ئەکادیمی و تەکنەلۆژییەکانە.
 
رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریکراوە، کە ئامانج لێی بەرزراگرتنی فرەچەشنیی زمانەوانی و کولتووری و هاندانی فرەزمانییە لە جیهاندا.
 
مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952، کاتێک لە شاری داکای پایتەختی بەنگلادیش، ژمارەیەک خوێندکار لە کاتی خۆپیشاندان بۆ بەفەرمیکردنی زمانی "بەنگالی" لەلایەن پۆلیسەوە کوژران. دواتر لە ساڵی 1999دا یونسکۆ بە فەرمی ئەم رۆژەی وەک رۆژێکی جیهانی ناساند بۆ ئەوەی ببێتە هێمایەک بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ لە بەکارهێنانی زمانی دایک و پاراستنی ئەو زمانانەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و تەکنەلۆژییەکانەوە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە