عەباس بەیاتی: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
عەباس بەیاتی،  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق
عەباس بەیاتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق
A+ A-

رووداو – هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوە دەڵێت، سەردانەکەیان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختکردنەوە بووە لەسەر مێژوویەکی هاوبەشی خەبات و بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز لەسەر بنەمای هاوبەشی. ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دەستوور ببێتە بنەمای یەکلاییکردنەوەی تەواوی کێشەکان.
 
عەباس بەیاتی،  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مافی هەموو فەرمانبەرێکی عێراقە، چ لە هەرێم [ی کوردستان] بێت یان لە باشوور [ی عێراق]، شایستە داراییەکانی خۆی وەربگرێت. ئێمە لەگەڵ بێبەشکردنی فەرمانبەرانی کورد نین لە مووچەکانیان و پێویستە کێشە تەکنیکییەکان بە خێرایی چارەسەر بکرێن." جەختیشی کردەوە کە "قووتی خەڵک هێڵی سوورە" و نابێت تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت.
 
عەباس بەیاتی سەرۆکایەتیی شاندێکی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق دەکات کە بە سەردانێک شەوی رابردوو گەیشتنە هەولێر و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.
 
 
"هێشتا مالیکی بەربژێرە و ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نەکردووە"
 
سەبارەت بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەباس بەیاتی گوتی، "مالیکی بەربژێری گەورەترین کوتلەی دەستوورییە و تاوەکو ئێستا هەر ئەو بەربژێرە." لەبارەی دەنگۆی ڤیتۆی ئەمریکاش دەڵێت، "ئەوانە تەنیا بۆچوونن و هیچ بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە"، جەختیشی کردەوە کە عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەمووان هەبێت بە ئەمریکاشەوە، بەڵام بە "رێزگرتن لە بڕیاری نیشتمانی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و عەباس بەیاتی:
 
رووداو: سەردانەکەتان بۆ هەولێر بۆ چ مەبەستێک بوو و گەیشتنە چ ئەنجامێک؟
 
عەباس بەیاتی:  سەردانی هەولێر و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی دەرفەتێکی گرنگ بوو، لەم سەردانەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد و جەختمان کردەوە سەر هەڵوێستە هاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دەعوەی ئیسلامی. بیروڕامان گۆڕییەوە لەبارەی مەلەفە جیاوازەکانی عێراق، بەتایبەت شایستە دەستوورییەکان و بونیادنانی دەوڵەتێکی هاوبەشیی بەهێز و حکومەتێکی بەتوانا کە بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکێش بە هەموو عێراقییەکان بکات بێ جیاوازی، جگە لە کاریگەریی مەلەفە دەرەکییەکان لەسەر بارودۆخی ناوخۆ. لە نێوان خۆمان و جەنابیاندا هاوتاییەکمان لە دیدگەکان و زۆر خاڵی هاوبەشدا دۆزییەوە، ئەم خاڵە هاوبەشانە دەبنە بنەمایەک بۆ پەیوەندییەکی پتەو و بەهێز لە نێوان هەردوو حیزب و هاوئاهەنگیمان لە هەڵوێستەکاندا لەمەودوا.
 
رووداو: سەبارەت بە کۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، گرنگترین ئەو خاڵ و مەلەفانە چی بوون کە هەردوولاتان لەسەری هاوڕا بوون؟
 
عەباس بەیاتی: کاتێک لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بارزانی کۆدەبینەوە، سەرەتا مێژووی رابردوومان بەبیر دێنینەوە، ئەو رابردووە هاوبەشەی جیهاد و خەبات کاتێک پێکەوە ئۆپۆزیسیۆن بووین و کارمان دەکرد. ئێمە ئەو رابردووە رادەکێشینەوە بۆ ئێستا بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەم ئێستایە بونیاد بنێین لەسەر بنەمای رابردوو و قوربانییەکان، لەپێناو ئەوەی داهاتوو و وێنەی داهاتوو بۆ نەوەکان باشتر بێت. بۆیە گرنگترین خاڵ لەگەڵ بەڕێز بارزانی، جەختکردنەوە بوو لەسەر دەستوور و جێبەجێکردنی وەکو خۆی و دەستگرتن بەم دەستوورەوە. ئەم دەستوورە بەرهەمی قوربانی و هەوڵی نیشتمانیی دڵسۆزانەیە و دەبێت ببێتە بنەما و چوارچێوە بۆ پڕۆسەی سیاسی و بونیادنانی پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای تەندروست. لەم بارەیەوە رای هاوبەشمان هەبوو و بەکردەوە دیدار و کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت لە چوارچێوەی راستکردنەوەی رێڕەوەکانی ئەم پڕۆسەیە.
 
رووداو: ئایا هێشتا بەڕێز نووری مالیکی هێشتا بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؟ بەتایبەت لە کاتێکدا باس لە ڤیتۆی ئەمریکی و ئەگەری سزادانی عێراق دەکرێت.
 
عەباس بەیاتی:  بەڕێز مالیکی بەربژێری گەورەترین کوتلەیە لە رووی دەستوورییەوە و تاوەکو ئێستاش بەربژێری ئەو کوتلەیە و پشتگیریی ئەو کوتلەیەی هەیە، ئەویش لەسەر ئەم مافە دەستووری و دیموکراسی و سیاسییەی خۆی بەردەوام دەبێت، بۆیە هیچ کشانەوەیەک یان وازهێنانێک لەئارادا نییە. سەبارەت بەوەش کە دەگوترێت سزا دەسەپێنرێت، ئەمانە تاوەکو ئێستا تەنیا را و ئیجتیهادن، ئەمریکییەکان نەیانگوتووە کە ئێمە سزا دەسەپێنین ئەگەر ئەم کارە رووبدات. ئێمە و هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان کار دەکەین بۆ روونکردنەوەی وێنەکە، هەندێک وێنە و را و بیرۆکەی هەڵە گەیشتوونەتە ئیدارەی ئەمریکا لە کۆشکی سپی و بە پشتبەستن بەو رایانە هەندێک بڵاوکراوە هەبوون. بۆیە ئێمە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکی نیشتمانیی عێراقی دەکەین و بەرپرسیارین لەم حکومەتە. ئێمە شەڕمان ناوێت، نە لەگەڵ ئەمریکا و نە لەگەڵ کەسانی دیکە، هاوکاری و پەیوەندیمان لەگەڵ هەمووان دەوێت، بەڵام دەبێت رێز لە بڕیاری نیشتمانی بگیرێت. بڕیاری نیشتمانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی دەریانبڕیوە، بەڕێز مالیکیش دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانەیە کە ئەم دواییە ئەنجام دران.
 
رووداو: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چەندین ساڵە بەردەوامن، ئایا ئەمجارە گەرەنتییەک هەیە بۆ چارەسەرکردنیان؟
 
عەباس بەیاتی: ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا ناشاردرێتەوە، بەڵام مادام دیالۆگ و دەستوور و ئیرادەیەک بۆ چارەسەر هەبێت، دەگەینە چارەسەر. ئێمە چاوەڕێی حکومەتێکی نوێین، ئەم حکومەتە توانای ئەوەی هەیە ئەم کێشانە لەخۆ بگرێت و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەریان بکات، بە شێوەیەک هاوبەشی بەهێز بکات و هەروەها پەیوەندییەکی پتەویش بونیاد بنێت. کورد بەشێکن لەم گەلە عێراقییە و مافیان لە سەروەت و بودجەکەیدا هەیە. بۆیە ئێمە سوورین لەسەر سفرکردنەوەی کێشەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی حکومەتی نوێی داهاتوودا، کە پێویستە تێیدا پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندییەکی بەهێز و بنەڕەتی و پتەو بێت و خزمەت بە هەرێم و خزمەت بە حکومەتیش لە بەغداش بکات.
 
رووداو: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە هەست دەکەن وەک هاووڵاتی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و قووتیان بەسیاسیی کراوە، هەنگاوی ئێوە بۆ گەرەنتی نەبڕین و دەستکارینەکردنی مووچەکانیان چی دەبێت؟
 
عەباس بەیاتی:  مافی هەموو فەرمانبەرێکە لە عێراق، چ لە هەرێم بێت یان لە باشوور، کە شایستەی خۆی بەرامبەر ماندووبوونەکەی وەربگرێت و مافی خۆی لە بودجەی گشتی وەربگرێت. ئێمە لەگەڵ بێبەشکردنی هیچ فەرمانبەرێک نین، لە نێویاندا فەرمانبەری کورد، لە مووچەکەی؛ دەبێت لە کۆتایی هەموو مانگێکدا ئەو مووچەیەی پێ بگات هاوشێوەی فەرمانبەرانی تر. ئەگەر کێشەی تەکنیکی یان کارگێڕی هەبێت، دەبێت ئەم کێشانە بە خێرایی چارەسەر بکرێن و نابێت دەست بۆ قووتی هاووڵاتی ببرێت. هەموو ناکۆکییەکان دەکرێت قبووڵ بکرێن و لێکتێگەیشتنیان بۆ بکرێت، تەنیا ڕزق و قووتی حەڵاڵ و بژێوی ژیان نەبێت. هەر کەسێک شەڕی کەسێکی تر بکات لەسەر قووتی ژیانی، سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەمە تەنیا پەیوەندی بە شەخسی فەرمانبەرەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خێزانێکەوە هەیە کە منداڵ و بەتەمەنی تێدایە، ئەوە مافی خۆیەتی چونکە کات و هەوڵی لەو پێناوەدا داوە. بۆیە ئێمە لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەین بە شێوەیەک کە فەرمانبەر دڵنیا بکاتەوە، نەک بکەوێتە ژێر کاریگەریی پرسە سیاسییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان. دەبێت ئەم مەلەفە بە تەواوی لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی دووربخرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی رووداوەکە.وێنەکە: هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو

بەهۆی "کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی" لە کەرکووک کەسێک کوژرا

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو ماڵباتدا لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، بەهۆی کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بووە.