رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە، ئەمە لافیتەیەکە کە گەنجانی ئاوایی نێ-ی سەر بە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاهەنگی نەورۆزدا بەرزیان کردووەتەوە.
گوندی نێ کە پاڵی بە زنجیرەچیای زاگرۆسەوە داوە و رووی لە شاری مەریوان کردووە و دەریاچەی زێبار لە بەردەمیدایە، ساڵانێکی زۆرە لە هەموو بوارەکانی کولتووری ، کۆمەڵایەتی ، ژینگەپارێزیدا، لە نێو گوند و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا رۆڵی بەرچاوی هەیە.
نەورۆز یەکێکە لەو بۆنانەی خەڵکی نێ، وێڕای هەموو بەربەستەکان، ساڵ بۆ ساڵ گەرموگوڕتر بەڕێوەی دەبەن.
لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا گەنجەکان بە دەنگی بەرز سروودە نیشتمانییەکانیان گوتەوە و ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە.
وەک هەموو هەنگاوە فەرهەنگییەکانی دیکەی گوندێ نێ، نەورۆزەکەی ئەمساڵیشیان زاڵ بوو بە سەر جیاوازییە رەگەزییەکانی ژن و پیاودا و منداڵانیش پشکیان لە بۆنەکەدا هەبوو.
بەڵام ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵی نێی لە ساڵانی پێشوو جیاواز کرد، جامانەکان بوو. گەنجان جامانە لەسەر و جامانە لە مل، هەڵپەڕکێیان کرد و جامانەکانیان لە نەورۆزی نێدا شەکاندەوە.
ئەوەش بۆ هاوپشتی دەربڕین بۆ بانگەوازەکەی رێکخراوە مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە نەورۆزی ئەمساڵیان بە نەورۆزی جامانەکان ناوزەد کرد و داوایان کرد تێکڕای خەڵکی کوردستان جامانە بکەنە سیمبولی نەورۆزی ئەمساڵ، چونکە جامانە بێ جیاوازیی حیزبایەتی، هێمایەکی هاوبەشە لەنێو کورداندا. ئەمەش بۆ ئەوەی نەورۆزی جامانەکان ببێتە بۆنەیەک و بانگەوازێک بۆ یەکخستنەوەی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ