رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشە نێوخۆیی زانکۆی هەولێری پزیشکی دەڵێن، هەفتەیەکە ئاو و کارەبا لە بەشە ناوخۆییەکان بڕاوە. بەڕێوەبەری بەشە نێوخۆییەکانی زانکۆکەش دەڵێ، بەهۆی لافاوەکەوە بگۆڕی کارەبەکەیان تەڕ بوو و چارەسەری دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، رێدار وریا، خوێندکار لە بەشێکی نێوخۆیی (زانکۆی هەولێری پزیشکی) بە رووداوی راگەیاند: "هەفتەیەکە ئاو و کارەبای بەشە نێوخۆییەکەمان بڕاوە".
ئەو خوێندکارە گوتی بەناوی خوێندکارانی دیکەی بەشە نێوخۆییەکانەوە قسە دەکات و رایگەیاند: "زیاتر لە 230 خوێندکار لە بەشە نێوخۆییەکان دەمێننەوە و بەشێکیان هەفتەیەکە لەبەر بێ ئاوی نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن. لەم کەشە ساردەدا کارەبای نیشتمانیی بەشە نێوخۆییەکان نەماوە و ناتوانین خۆمان گەرم بکەینەوە."
بە گوتەی ئەو خوێندکارە، "ئەگەر تاوەکو رۆژی یەکشەممە کیشەکەیان بۆ چارەسەر نەکرێ، لە بەردەم زانکۆی هەولێری پزیشکی خۆپیشاندان دەکەن."
هەر ئەمڕۆ هەینی، شوان رەزا، بەڕێوەبەری بەشە نێوخۆییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی سەبارەت بە کێشەی ئەو خوێندکارانە بە رووداوی گوت: "ئاو لە بەشە نێوخۆییەکان نەبڕاوە، بەڵام بەهۆی لافاوەکەی رۆژی شەممەی رابردووەوە لە هەولێر بگۆڕی بەشە ناوخۆییەکان کە لە ژێر زەوینێکدا بوو، تەڕ بوو. بەهۆی ئەوەیشەوە کارەبای نیشتمانیی بەشە نێوخۆییەکان نەماوە."
بەرێوەبەری بەشە نێوخۆییەکانی ئەو زانکۆیە گوتی، چەند جارێک هەوڵیان داوە بگۆڕی کارەباکە بخەنەوە کار بەڵام بەهۆی ئەوەی سێ مەتر لە ژێر ئاودا بووە بەتەواوی تەڕ بووە و دەبێت چاوەڕوان بن تاوەکو بەتەواوەتی وشک دەبێتەوە.
شوان رەزا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە بەشە نێوخۆییەکان لە کاژێر 05:00 ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 01:00 شەو موەلیدەی تایبەت کاردەکات و کارەبا دەداتە بەشە نێوخۆییەکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی یەکشەممەش بگۆڕەکەیان بۆ دەخەنەوە کار و کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن.



