رووداو - هەولێر
رۆژانی پێش هاتنی کۆرۆنا بازاڕ جمەی دەهات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاڕ و دووکانەکانی داخستن و کار و کاسبیی خەڵکی وەستاند.
ئەحمەد زیاتر لە 10 ساڵە لە خواردنگەیەک کار دەکات، رۆژانە بە 30 هەزار دینار بژێویی ژیانی خۆی لەو رێگەیەوە دابین دەکات. بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ ئەویشی بێکار کردووە.
ئەحمەد حەمید، چێشلێنەرە و دەڵێت، "تاوەکو کار نەکەم، پارە وەرناگرم. ئێستا من خەمی ئەوەمە ئایا مانگی داهاتوو کار دەکەم یان نا؟ ئەمە کاریگەریی زۆر لەسەر من دادەنێت، چونکە من تازە ژیانی هاوبەشم پێکهێناوە، مەسرووفاتم لەسەرە، کرێ خانوو و قیستم لەسەرە کە دەبێت هەموویان بدەمەوە".
ماریاش بە دەردی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووش بووە. ئەو لە مۆڵێکی هەولێر فرۆشیارە و داهاتی مانگانەی 600 هەزار دینارە. رۆژانی بێکاربوونی لە ماڵەوە بەسەر دەبات، بەڵام ئێستا بەرچاڕوونیەکی لە داهاتوو نییە.
ماریا وەلید باس لەوە دەکات، "کاریگەرییەکی زۆر زۆری لەسەر من دروست کردووە، بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانم یارمەتیی ماڵەوە بدەم ئەم مانگە و نەتوانم پێداویستیەکانی خۆمی پێ دابین بکەم".
لە هەرێمی کوردستان 29هەزار و 530کۆمپانیا هەن، نزیکەی چوار هەزار کارگە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و هەروەها هەزار و 850 چێشتخانە هەن. 80 هەزار کرێکاریش لە بیمەی کۆمەڵایەتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و هەزاران کرێکاری دیکەش ناویان تۆمار نەکردوو. جگە لە کارگەکانی خۆراک و دەرمان، هەموو ئەوانە بەهۆی بڕیارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا کاریان وەستاوە.
عەبدولقادر ئەحمەد، ئەندامی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت، "دەبێت حکومەت بێتە سەر هێڵ، چونکە خەڵک هەیە کرێچییە، خەڵک هەیە بژێویی ژیانی لەسەر کاری رۆژانەیە و ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. بە ڕاستی دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە، چونکە ئێمە زۆر کرێکارمان هەیە کە نەهاتوون ناویان بۆ بیمە تۆمار بکەن و پێویستە خۆیان بیمە بکەن تا بتوانین بە پێی یاسای کار هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەین".
کۆرۆنا تەنگی بە ئابووریی جیهان هەڵچنیوە و ئێستا بووەتە دوژمنی یەکەمی ئابووریی وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ