رووداو - دهۆک
ئەو پیاوەی ماوەی سێ رۆژ بوو لە سنووری پارێزگای دهۆك دیارنەمابوو، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمەكەی دۆزرایەوە.
محەممەد شەعبان خەڵكی كۆمەڵگەی چڕەی سەر بە قەزای شێخان بوو لە سنووری پارێزگای دهۆك، خاوەنی 9 منداڵ بوو و پیشەی شوفێر بوو، ماوەی سێ رۆژ بوو هیچ هەواڵێکی نەبوو.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئایاری 2018 تەرمی محەممەد شەعبان لە بناری چیای مەقلووب کە دەکەوێتە سنووری شارۆچكەی زیلكان، دۆزرایەوە. ئەندامێکی خانەوادەکەیشی هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند بە فیشەک کوژراوە.
پیشتر كەوسەر محەممەد، هاوژینی محەممەد شەعبان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو، مێردەکەی كێشەی لەگەڵ هیچ كەسێک نەبووە، هۆكاری دیارنەمانیشی نازانن. گوتبووشی: "منداڵەكانم ماوەی سێ رۆژە بە زمانی بەڕۆژووەوە دووعا بۆ گەڕانەوەی باوكیان دەكەن".
پێشەوا بەهلەوی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند: لە ماوەی سێ مانگدا ئەوە سێیەمین رووداوی ونبوونە لەنێوان ناحیەی چڕە و کەلەکچی روودەدات، تۆمەتبارانی دووان لە رووداوەکانیش دەستگیرکراون. ئەوەی ئەو رووداوانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەوەیە، ئەو کەسانەی رفێنران و دواتر کوژراون، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە.
بەگوتەی حیکمەت، یەکێک لە بنەماڵەی محەممەد شەعبان، ناوبراو کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، سەبارەت بە ونبوونیشی گوتی: "بەرەبەیانی رۆژی هەینی 19-5-2018 لە ماڵ چووەتە دەرەوە، دوو هاوونیشتمانی خەڵکی چڕەی بە ئۆتۆمبێلەکەی هەڵگرتوون و بردوونییەتە شێخان، دوای دانانیشیان گەڕاوەتەوە، لە رێگەی گەڕانەوەیدا چەند کەسێکی هەڵگرتوون، لەو نێوەندەشدا دیارنەماوە".
حیکمەت دەشڵێ: "دوێنێ یەکشەممە کاژێر 3:00 لە گوندی بەرازی سەر بە ناحیەی زێلکان ئۆتۆمبێلی ناوبراو دۆزرایەوە، بەبێ ئەوەی کەسی تێدابێت، رەنگی ئۆتۆمبێلەکەش گۆڕدرابوو، هاوکات هەردوو تابلۆکەشی لێکرابوونەوە".
محەممەد شەعبان تەمەن 45 ساڵ، ماوەی شەش ساڵ بوو لە سنووری قەزای شێخان كاری شوفێری دەکرد.


داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ