رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا قۆناخی نوێی بڕیوە. تەنیا لە دهۆک زیاتر لە شەش هەزار و حەوت سەد پارچە زەوی دابەشکران و لە هەولێریش سێ هەزار و پێنج سەد پارچە زەوی دیکە درانە فەرمانبەران.
لە دهۆک 6 هەزار و 706 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران، کە هەزار و 32 پارچەیان بۆ فەرمانبەرانی شارەوانیی ئاکرێ بوون و ئەوانی دیکەش بۆ فەرمانبەرانی دهۆک. سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی زەوییان وەرگرتووە، ئەوانەن کە لە ساڵانی 2011 و 2012دا رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەبووە.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی ئاکرێ ئەو فەرمانبەرانە بوون کە رەزامەندیی کۆنیان هەبوو و بەتەواوی کۆتایی هات. سەبارەت بەو هەزار و 400 پارچەیەی دیکەش کە بڕیارە لە مانگی شەشدا دابەش بکرێن، هەموویان هی دهۆک نین. لە دهۆکیش هەموو ئەو فەرمانبەرانە زەوییان پێدرا کە تاوەکو 15ی تەممووزی 2012 رەزامەندییان هەبووە."
ئەو پێنج هەزار و 649 پارچە زەوییەی لە دهۆک دابەشکران، دەکەونە ناوچەی "بازەلان" لە باشووری رۆژئاوای سەنتەری پارێزگاکە.
بیرهات هاروون، کە خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی زەوییە، دەربارەی نرخی زەوییەکان دەڵێت: "تەخمین دەکەین نرخی پارچە زەوییەکانی بازەلان لە نێوان 15 هەزار دۆلار بۆ 25 هەزار دۆلار (دەفتەرێک و نیو بۆ دوو دەفتەر و نیو) بێت."
هاوکات لە هەولێری پایتەخت، لە هەمان رۆژدا سێ هەزار و پێنج سەد پارچە زەوی دابەشکران. ئەمە گەڕی حەفتەمی دابەشکردنی زەوییە لە هەولێر و زەوییەکانی ئەمجارە دەکەونە ناوچەی "جێژنیکان".
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا: "ئەو پارچە زەوییانەی ئەمڕۆ تیروپشکیان بۆ کرا ژمارەیان 6 هەزار و 500 پارچە بوو، سێ هەزاریان بۆ خاوەن مافەکان (وەک کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی) بوو، ئەوانی دیکەش بۆ فەرمانبەران بوو."
لە سنووری پارێزگای سلێمانیش، وەک قۆناخی یەکەم، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی عەربەت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکرد و وەک ئەزموونێکی سەرەتایی 100 کەس لێی سوودمەند بوون.
زمناکۆ ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانیی عەربەت گوتی: "بڕیارمان داوە هەموو رۆژانی پێنجشەممەیەک، جگە لە پێنجشەممەی داهاتوو کە پشووی جەژنە، زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەین."
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە هەولێر زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی و لە دهۆکیش 13 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و پرۆسەکە لە ناوچەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ