رووداو دیجیتاڵ
خولێکی دیکەی هێزەکانی یەکەی 80 هێزەکانی پێشمەرگە لە فێرگەی مەشقی پیادەی هەولێر کۆتایی دێت، کە ماوەی 3 مانگە مەشق و راهێنانیان بینیوە. فەرماندەی یەکەی 80ی هێزەکانی پێشمەرگەش دەڵێ، دوو لیوامان ئامادەن بۆ ئەوەی بخرێنەوە سەر وەزارتی پێشمەرگە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی هێزەکانی خۆمان دەخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 21-06-2021 لە فێرگەی مەشقی پیادەی هەولێر خولی حەوتەمی مەشقی هێزەکانی یەکەی 80 کۆتایی دێت و پۆلێکی دیکە لە پێشمەرگە و ئەفسەران لەو خولە دەردەچن کە لەلایەن فەرماندەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە.
پێشمەرگەکانی لەم خولە دەرچوون، سەر بە یەکەی 43ی فەرماندەیی هەڵگوردن لە هێزەکانی 80 و جۆری مەشقەکانیش کە بینیویانە، مەشقی بنەڕەتی، چەکی سووک، چەکی مامناوەند و مەشقی کۆماندۆ بووە، جۆرە مەشقێکی دیکەش کە لەو خولە بینیویانە جیاواز بووە لە مەشقەکانی دیکە ئەویش دابەزین بووە لە هێلیکۆپتەر، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەو مەشقە بە هێزەکانی پێشمەرگە کراوە.
لەبارەی گرنگی ئەو خولانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی هێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "بەگشتیی هەموو هێزێکی سەربازی پێویستی بە مەشق و راهێنان و پەروەردەی سەربازی هەیە، ئێمەش بە ئامانجی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارمانداوە هەموو هێزەکانی خۆمان بخەینە ناو پرۆسەیەک بۆ ئەوەی مەشق و راهێنانیان پێ بکەین".
بە گوتەی نەجات عەلی ئەوان ئێستا دوو لیوایان ئامادەکردووە، خەریکی رێکاری کارگێڕین بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانیان تەواو ببێت و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
فەرماندەی یەکەی هەشتای هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی: "وەکو هێزەکانی 80 گرفتێکمان نییە لەوەی بخرێینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام پرۆسەکە پرۆسەیەکی ورد و کارگێڕییە، پێموایە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی هێزەکانی خۆمان دەخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. بە هیوان هێزەکانی سەر بە یەکەی 70 ئەوانیش وەکو ئێمە بڕیاری خۆیان بدەن و هێزەکانیان بخەنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
