رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، رۆژانە زیاتر لە 700 بارهەڵگر لە بەرهەمی نێوخۆیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت؛ لە هەولێر 350 بارهەڵگر؛ سلێمانی 50 بۆ 60 بارهەڵگر و لە دهۆکیش 300 بارهەڵگر بەرهەم هەناردە دەکرێت. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجەش دەڵێت، بەرهەمی ئەوان دەبرێتە عەلوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرهەمی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان پێگەییوە و بەشێکیان زیاترن لە پێداویستی نێوخۆ و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت. زۆرترین سەوزە و میوە کە هەناردە دەکرێت ئەمانەن: شووتی، کاڵەک، خەیار، باینجان، کوولەکە، کەلەرم، بامییە، بیبەر، پیاز و تەماتە.
کشتوکاڵی هەولێر: رۆژانە 350 بارهەڵگر بەرهەمی جووتیاران دەبرێتە پارێزگاکانی عێراق
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی هەولێر رۆژی چوارشەممە 21-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژ دوای رۆژ هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی نێوخۆ بەرزدەبێتەوە. دوو هەفتە پێش ئێستا، هەفتەیەک 1700 بارهەڵگر بەرهەم هەناردە کرا، بەڵام هەفتەی رابردوو بۆ 2 هەزار و 500 بارهەڵگر بەرزبووەوە."
بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، "ئێستا رۆژانە 350 بارهەڵگر بەرهەمی جووتیاران پشتگیرییان بۆ دەکرێت و رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن؛ هێشتا تەماتەش وەکو پێویست پێنەگەییوە و پێ بگات هەناردە زیاتر دەبێت."
بارهەڵگرەکان کە بەرهەمی نێوخۆیی دەگەیێننە پارێزگاکانی دیکەی عێراق جۆراوجۆران؛ لە بارهەڵگری 2 تۆنییەوە بگرە تاوەکو بارهەڵگری زیاتر لە 10 تۆنی.
کشتوکاڵی سلێمانی: رۆژانە 50 بۆ 60 تۆن بەرهەمی جووتیارانمان دەبرێنە عەلوەکانی عێراق
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی رۆژی چوارشەممە 21-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرهەمی نێوخۆیی پێگەییوە و چەند جۆرێکیان زیاتر لە پێداویستی نێوخۆیە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتی، ئەمساڵ بازگەکانی عێراق ئاستەنگ بۆ بەرهەمی نێوخۆ دروست ناکەن و تەنیا مەرجیان ئەوەیە لە هەر پارێزگایەکەوە بەرهەمیان بۆ بنێردرێت پشتگیریی پارێزگاکەی هەبێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کە بەرهەمی هەرێمی کوردستانە نەوەکو هاوردەکراوی وڵاتانی دیکە؛ گوتیشی، "رۆژانە لەنێوان 50 بۆ 60 بارهەڵگر بەرهەمی نێوخۆیی لە سلێمانییەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت."
جووتیار خالید ئاماژەی بەوەشکرد، چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی کەشوهەواوە بەرهەمیان پێنەگەییوە؛ "بەرهەمی پێنجوێن پێ بگات هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق زۆر بەرز دەبێتەوە."
رۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگر بەرهەمی جووتیارانی دهۆک دەنێردرێتە عەلوەکانی عێراق
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوام روو لە زیادبوونە. ئێمە پشتگیری بۆ بارهەڵگرەکان دەکەین کە بەرهەمی سنووری ئێمەیە. ئیدی بازگەکانی عێراق هیچ کێشەیان بۆ دروستناکەن و جووتیارانیش بەروبوومەکەیان ساخ دەکەنەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، رۆژانە زیاتر لە 300 بارهەڵگری بچووک و گەورە لە بەرهەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
کشتوکاڵی هەڵەبجە: کەس داوای پشتگیری نەکردووە بۆ هەناردەکردن
لەبارەی بەرهەمی نێوخۆیی هەڵەبجەوە، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرهەمی جووتیاران لە هەڵەبجە پێگەییوە، بەڵام زۆرینەی دەچێتە عەلوەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکە؛ گوتیشی: "تاوەکو ئەمڕۆ کەس لای ئێمە داوای پشتگیری نەکردووە کە بەرهەمی پێگەیشتووی ئەمساڵ بباتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ