سەلاحەدین بەهائەدین: سوکایەتی پێ کردن فەرهەنگی شکستخواردووەکانە

21-07-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین کەمال سەید قادر
A+ A-
سەلاحەددین محەممەد بەهائەددین، سوکایەتیکردن بە کەمال سەید قادر بە پلان و بەرنامە دەزانێ و دەڵێت" بۆ دەبێ کەسایەتیەکی زانستی و سیاسی لەو تەمەنەدا و لەم رەمەزانە پیرۆزە و لەو کات وساتەدا و بەو پلان و بەرنامە دارێژراوە بکەوێتە بەر پەلامار و هەڵمەتی لێدان و سوکایەتی, تەنیا لەبەر ئەوەی بەنیاز بووە قسەبکا و رای جیاوازی خۆی دەربڕێ و بۆچونەکانی یەکناگرێتەوە لەگەڵ دەسەڵات و کارە نایاسی یەکانیدا ".

ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەو هەنگاوە بە چاوترساندنی ئازادیخوازان دەزانێ و نوسیویەتی " ئەگەرچی بەندە دور و نزیک ئەم پیاوە بەڕێزە ناناسم و هیچ پەیوەندیەکی فیکری و سیاسی یا خزمایەتیمان نیە ، بەڵام تەنیا هۆکارێک کە ویژدانی خرۆشاندم وقەڵەمی پێ خستمە سەرکاغەز ئەو دیمەنە پڕلە ستەم و ناعەدالەتییەیە, کە بەداخەوە لەسەردەمی بەرد دەچێ و پیلانێکی نەزۆکە بۆ چاوترساندنی ئازادیخوازان و بێ ماناکردن و نائومێد کردنی هاوڵاتیان لەهەر پرۆسەیەکی دیمکراسیانە ".

ئەمەش دەقی وتارەکەیە، کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە:

سوکایەتی پێ کردن فەرهەنگی شکستخواردوەکانە

صلاح الدين محمد بهاء الدين

بەداخەوە جارێکی تر لەسەر شەقامێکی هەولێر و بەدیارچاوی خەڵکەوە شاهیدی سوکایەتی پێ کردن و لێدان و شەڕفرۆشتن بوینەوە ، ئەمجارە بەدکتۆر کمال سید قادری مامۆستای زانکۆ کە هیچ نا هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمەیە ولەهەندەرانەوە بۆ خزمەتی گەلەکەی گەڕاوەتەوەو خاوەنی راوبۆچونی جیاوازی خۆیەتی ..

ئەگەرچی بەندە دور و نزیک ئەم پیاوە بەڕێزە ناناسم و هیچ پەیوەندیەکی فیکری و سیاسی یا خزمایەتیمان نیە ، بەڵام تەنیا هۆکارێک کە ویژدانی خرۆشاندم وقەڵەمی پێ خستمە سەرکاغەز ئەو دیمەنە پڕلە ستەم و ناعەدالەتی یە یە کە بەداخەوە لەسەردەمی بەرد دەچێ و پیلانێکی نەزۆکە بۆ چاوترساندنی ئازادیخوازان و بێ ماناکردن و نائومێد کردنی هاوڵاتیان لەهەر پرۆسەیەکی دیمکراسیانە .

بۆ دەبێ کەسایەتیەکی زانستی و سیاسی لەو تەمەنەدا و لەم رەمەزانە پیرۆزە و لەو کات وساتەدا و بەو پلان و بەرنامە دارێژراوە بکەوێتە بەر پەلامار و هەڵمەتی لێدان و سوکایەتی تەنیا لەبەر ئەوەی بەنیاز بووە قسەبکا و رای جیاوازی خۆی دەربڕێ و بۆچونەکانی یەکناگرێتەوە لەگەڵ دەسەڵات و کارە نایاسی یەکانیدا ..

هەندێ راگەیاندنی دەسەڵات دەیەوێ پەردەپۆشی تاوانەکە بکا وسەرەڕای ئەوە کەسایەتی قوربانیەکە لەکەدار بکا گوایە سەرخۆش بووە ورۆژوی نەگرتووە .. سەد حەیف دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکانی بۆگەوجاندنی جەماوەر هێشتا خەریکی ئەم جۆرە سیناریۆ پوچەڵ و بەسەرچوانەیە ، هەروەک ئەو زەلامە چەقۆکێش و شەقاوەو سوکایەتی کارانە بەرۆژو بووبن و فەرمانی خوایان بەجێ هێنابێ ..!!

دڵنیابن ئەوە تەنیا د.کەمال نیە لێ ی دراوە و سوکایەتی پێ کراوە بەڵکو ئەوە پرۆسەی دیمکراسی و مافی مرۆڤ و فرەیی ورای جیاوازە لە کوردستان سوکایەتی پێ دەکرێ و بەرشەقی دەسەڵات دەدرێ ، ئەوە ئەزمونی بیست ساڵەی سیاسیمانە کە هێشتا جێگای رای ئازاد و جیاوازی تیانابێتەوە .. ئەوە هەولێری پایتەختە کە سوکایەتی پێ دەکرێ و خەڵکی شەرەفمەندی هەولێرە کە ناشرین دەکرێ و بەشەرفرۆش وناحاڵی وێنەی دەخرێتە روو ..

ئەوە جۆرێکی نامۆیە لە رۆشنبیری و فەرهەنگ و شارستانیەت و پەروەردەیە .. ئەوە ئەمنیەتی هاوڵاتی رۆشنبیر و ئازادیخوازە دەکەوێتە مەترسیەوە .. ئەوە سەرەتای لێدانی زەنگی قۆناغی نوێ ی هەرێمەکەمانە ..

بێگومان د.کەمال یەکەم قوربانی نیە و دەمێکە ئەو رەوشە ئەمنی یە پۆساڵیە پەیڕەو دەکرێ لەسەر تاکی ئازا و حزب وگروپی سەربەخۆی ئەم وڵاتە ..
داخەکەم بۆ بێدەنگی و فەرامۆشی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و توێژەکانی جەماوەر لەبەرانبەر ئاوەها تاوانێکی گەورەدا کە ئەمرۆ لەبەرانبەر کەسایەتی هاوڵاتیەکی ئازا ئەنجام دراوە لەهەمانکاتدا پێشێلکاریە بۆ سەرکۆی پرۆسەی دیمکراسی و پێکەوە ژیان و فرەیی ..

بەڵام دەبێ بزانین گەمەکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پیلانگێڕان بۆ بەیاسایی کردنی پێشێلکاری و تۆقاندنی دەنگە ناڕازیەکان و خەفەکردنی هاواری دڵسۆزان بەشێکە لە زنجیرە پیلانێکی دارێژراو و تۆکمە ودرێژخایەن و دەربڕی ئاستی سەغڵەتی حاڵەتەکە و سەختی دەردەکەیە ..

لەبەرانبەردا دەبێ ئەوە بزانین کە ئازادی مرۆڤ خەڵاتێکی خوایی یە وهەرکەس بیەوێ زەوتی کا داری بن قاچی خۆی دەبڕێتەوە و تەمەنی خۆی کورت ئەکاتەوە ..

پرۆسەی ئازادی گەلان و رزگار بونیان لە سیستەمی دیکتاتۆری و ستەمکار بەڕێوەیە و حەتمیەتێکی مێژویی یە و ناگەڕێتەوە دواوە ..

سوکایەتی کردن دەرهاوێشتەی پەروەردە و فەرهەنگێکی شکستخواردوە و کەسە سەنگینەکان بەوشتانە سوک نابن ..

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە