د. بەشیر خەلیل حەداد، لە مزگەوتی جەلیل خەیاتی شاری هەولێر گوتاری نوێژی جەژنی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژی یەکدی قبووڵکردن و گەردن ئازادییە و پێویستە هەموو موسڵمانان جەژنی یەکدی پیرۆزبکەن و لێبووردەبن بەرامبەر بەیەکدی.
لە کەمپی حەسەن شام لە هەولێر بەشێک لە ئاوارەکان بەشدارییان لە نوێژی جەژنی قوربان کرد و بەگوتەی هونەر ئەحمەد پەیامنێری رووداو، ئەم جەژنە بۆ خەڵکی نێو ئەم کەمپە جیاوازە، چونکە بۆیەکەمجار رێگەیان پێدراوە خەڵک لە دەرەوەی کەمپەکە سەردانییان بکات و هەروەها رێگەشیان پێدراوە بچن سەردانی کەسوکاریان بکەن لە موسڵ.
پەیامنێری رووداو گوتیشی، رێکخراوی خێرخوازی بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربان جلوبەرگ بەسەر کەسوکاری ئاوارەکاندا دابەشدەکەن و ئاوارەکانیش هیوادارن دوایین جەژنی ئاوارەییان بێت.
هاوکات لە شاری سلێمانیش نوێژی جەژن بەڕێوەچوو و خەڵکی گەردن ئازادییان لەیەکدی کرد.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم جەژنە لە هەموولایەک پیرۆزدەکەین و هیوادارین ئەو جەژنە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی دووبەرەکی و ناکۆکی".
لەبارەی کار و چالاکییەکان و بەرنامەی پارێزگای سلێمانی بۆ هاونیشتمانیان پارێزگاری سلێمانی گوتی: "سەرجەم کارەکان بەشێوەیەکی دروست رێکخراون و رێنمایی تایبەت بە هاونیشتمانیان دراوە و داواش لە خاوەن چێشتخانەکان کراوە کە دووکانەکانیان کراوە بێت و پێشوازی لە گەشتیاران و ئەو میوانانە بکەن کە دێنە شاری سلێمانی".
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا دەکاتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی بە ئێمەیان گوتووە و ئێمەش لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی قسەمانکردووە و ئەوانیش لەگەڵ تورکیا قسەیانکردووە، ئومێد هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت و تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بکاتەوە".
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "لە قۆناخی یەکەمدا بەلایەنی کەمەوە ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بکرێتەوە و لە قۆناخی دووەمدا گەشتەکانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بکرێتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان موسڵمانانی جیھان لەنێویشیاندا موسڵمانانی هەرێمی کوردستان ئاژەڵ دەکەنە قوربانی. بەگوتەی ئەو کەسانەی لەنێو بازاڕەکە کاردەکەن: ئاژەڵ لە سووریا، ئێران، جۆرجیا، ھیندستان و شوێنی دیکەشەوە هاوردەی نێو ئەم بازاڕە دەکرێن. فرۆشیارەکانیش کە ماوەیەکی زۆر ئاژەڵەکانیان بۆ ئەم کاتانە ئامادەدەکەن، ھەفتەی پێش جەژنی قوربان بە دەرفەت دەبینن بۆ فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ