رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 166 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە 45,764 کەسیان یەکەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای هەولێر هەموو ئامادەکارییەک کراوە و لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەنگدانی ئەزموونی لە 56 وێستگەی دەنگدان زۆر بە باشی بەڕێوەچوو.
بە گوتەی مەروان محەممەد، بە کۆی گشتیی لە پارێزگای هەولێر 73 هەزار و 128 دەنگدەری نوێ هەن؛ لەو ژمارەیە 23 هەزار و 521 کەس لەدایکبووی ساڵی 2007ـن و 49 هەزار و 607 کەسیش تازە کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە.
بە گشتی لە پارێزگای هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت: "لەم ژمارەیە ملیۆنێک و 90 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن."
لە پارێزگای دهۆک، 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "لەو ژمارەیە، 785 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە."
ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵی 2007 گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی دەنگدان. خالید عەباس دەڵێت: "لە پارێزگەکە 19 هەزار و 611 کەس لەدایکبووی 2007ـن و لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا دەنگ دەدەن."
بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد: "بە گشتی لە پارێزگەکە 47 هەزار و 29 کەس وەکو دەنگدەری نوێ بۆ هەڵبژاردنی عێراق تۆمارکراون، بەوانەشی کە بایۆمەتریان کردووە".
هەرێمی کوردستان لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت هەولێر، دهۆک و سلێمانی (کە هەڵەبجەشی لەگەڵە).
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 46 هەزار و 586 کەس لە ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا ناویان تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 632 کەسیان لەدایکبووی ساڵی 2007ـن و ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن."
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ملیۆنێک و 532 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە؛ "زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزاریان بایۆمەترییان کردووە و زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزاریشیان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە."
بازنەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانیان بەمشێوەیەیە:
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 17 کورسیی گشتی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
لە پارێزگای هەولێر 109 بەربژێر و لە پارێزگای دهۆک 55 و سلێمانی 135 بەربژێر هەن.
9-8-2025، کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ ژمارەی لیست، هاوپەیمانییەتی، پارت و بەربژێرانی تاک و کۆتاکان کرد و گوتی: "یەک کورسی نوێنەرایەتیی 100 هەزار کەس دەکات."
رۆژێک دواتر 10ـی ئاب، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەزموونی لە هەزار و 79 وێستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووە و دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ