مەلا بەختیار لەبارەی کۆلێژەکانی خانەقینەوە هۆشداری دەدات: دژایەتیکردنی خانەقین باجی قورس دەبێت

21-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مەلا بەختیار هۆشداریی دەدات لەبارەی چارەنووسی کۆلێژەکانی خانەقین و بە "یەکەمین سەنگەری بەرەنگاریی کوردستان بەرامبەر بەعەرەبکردنێکی نوێ" ناوی دەبات، داواش لە سەرکردەکانی کورد دەکات بەپەلە بە هانای زیاتر لە 1500 خوێندکارەوە بچن.
 
لە نامەکەیدا کە ئاراستەی د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق کردووە، مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات، بە هەموولایەک "هیمەت بکەن و بەهانای کۆلێژەکانی خانەقینەوە بچن، چونکە هەڕەشەیان لەسەرە و چارەنووسی زیاتر لە 1500 خوێندکار و 150 مامۆستا و فەرمانبەری نادیارە."
 
مەلا بەختیار، کە ئاماژە بەوە دەکات خۆی سەرپەرشتیی بەشێکی زۆری دەستکەوتەکانی خانەقینی کردووە دوای ساڵی 2003، دەڵێت، کێشەی کۆلێژەکان بە تەنیا بە وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکلایی ناکرێتەوە و پێویستی بە بڕیارێکی سیاسیی هاوبەشە.
 
مەلا بەختیار نووسیویەتی: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێ لە خانەقین و کەرکووک بەرگری لە دەستکەوتەکان بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەدەستدانی ئەم دەستکەوتانە، تێكشکانی یەکەمین سەنگەری بەرەنگاریی کوردستانە بەرامبەر بەعەرەبکردنێکی نوێ."
 
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، مەلا بەختیار ئاماژە بەو خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژییانە دەکات کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتییەوە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە خانەقین ئەنجامدراون، لەوانە: گەڕاندنەوەی زیاتر لە 100 هەزار کوردی دەرکراو، دامەزراندنی زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەر، دروستکردنی بەنداوی ئەڵوەند، کردنەوەی سێ کۆلێژ و سێ پەیمانگا، بووژاندنەوەی ژێرخانی ئاو، کارەبا، رێگەوبان و گۆڕینی ناوە تەعریبکراوەکان بۆ ناوە رەسەنە کوردییەکان.
 
هۆکاری "دژایەتیکردنی کۆلێژەکان لەلایەن بەغداوە" دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو بیانوو: "گوایە ئەو زەوییەی لەسەری دروستکراون موڵکی حکومەتن، یان خانەقین ناوچەی کێشەلەسەرە". ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: "بەدرێژایی مێژوو، حکومەتەکانی عێراق زەویی کوردستانیان داگیر و بەعەرەب کردووە. لەجیاتی ئەوەی مادەی 140 جێبەجێ بکرێ، دژی دروستکردنی کۆلێژەکانیشمانن."
 
بۆ سەلماندنی شایستەیی خانەقین، مەلا بەختیار ئاماری قوربانیدانەکانی شارەکەی خستووەتەڕوو، لەوانە 699 شەهید لە شۆڕشەکاندا، وێرانکردنی 167 گوند و راگواستنی دانیشتووانەکەی بۆ خوارووی عێراق.
 
لە کۆتایی نامەکەیدا، مەلا بەختیار هۆشدارییەکی تووند دەدات و دەڵێت: "یان دەبێ پشتیوانیی کۆلێژەکانی خانەقین بکەن، یاخود خانەقین پشت دەکاتە ئەو کەس و لایەنانەی دژایەتیی کۆلێژەکانی دەکەن. دڵنیابن دژایەتیی خانەقین، لەناو خەڵکی خانەقین، باجی قورسە."
 
ئەم نامەیە لە کاتێکدایە کە خوێندکارانی کۆلێژەکانی خانەقین لە مانگرتندان و داوای چارەسەرکردنی کێشەی یاسایی کۆلێژەکانیان دەکەن کە سەر بە زانکۆی گەرمیانن.
 
لە ماوەی 10 ساڵ، 10 هەزار و 258 خوێندکار لە زانکۆی گەرمیان دەرچوون، بەڵام بەهۆی وەستانی دامەزراندن لە کەرتی حکومی، 10 ساڵە هیچ قوتابییەک دانەمەزراوە. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.