رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی دەڵێت، فەرمانی گرتنی لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە و "دەبێت جێبەجێ بکرێت". ئاراس شێخ جەنگی کە برای لاهوور شێخ جەنگییە ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی 400 بۆ 500 چەکدار لە لالەزار هەن، ئەگەر هێز بچێتە سەریان، "ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە."
حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانی بە ئارێز خالید، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرمانی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە دەرچووە، رێکەوتی دەرچوونی فەرمانەکەش ئەمڕۆ بووە نەک پێشووتر."
فەرمانی گرتنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقییە، حاکم سەڵاح گوتی: "مادەکە باس لە رێککەوتنی چەند کەسێک دەکات بۆ ئەنجامدانی تاوان و وردەکارییەکان لەلای دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش، پاش گرتنیشی بە تۆمەتبارەکە دەگوترێت کە وردەکارییەکە چییە."
گوتەبێژی دادگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە: "فەرمانەکە دەرچووە و دەبێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە واباشترە تۆمەتبار خۆی رادەست بکات، بۆیەش هێزی زۆر بەکارهێنراوە چونکە تۆمەتبار خۆی خاوەنی هێزە و ئامانجەکە ئەوەیە کە پێکدادان دروست نەبێت."
ئارێز خالید لەگەڵ دوو کەسی نزیک لە لاهوور قسەی کردووە و گوتوویانە، "ئێستا لە هەوڵداین لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانمان لە دەرەوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت."
حاکم سەڵاح دەڵێت، "بڕیارەکە هیچ پەیوەندی بە دەستوەردانی حیزبی و سیاسی نییە، تۆمەتبار دەتوانێت لە بەردەم دادوەر بەرگری لە خۆی بکات و بەڵگە بخاتەڕوو بۆ سەلماندنی بێتاوانی خۆی."
ئاراس شێخ جەنگی کە برای لاهوور شێخ جەنگییە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بە رەشبگیری هێزە ئەمنییەکان چەندین کەسیان دەستگیرکردووە و ئەمەش وادەکات گێرەشێوێنی لە شارەکەدا دروست ببێت."
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت، "لەگەڵ لایەنی عێراقی قسەم کرد و گوتیان ئێمە دژی ئەو کارانەین کە دەکرێن."
بە بڕوای ئاراس شێخ جەنگی، "دادگە سەربەخۆ نییە لەم وڵاتە، من خۆم کاتی خۆی فەرمانم بە دادگە کردووە کە چیبکەن، من خۆم بەرپرس بووم تەلەفۆنم بۆ دادوەر کردووە گوتوومە ئەوە و ئەوە بکەن و کردوویانە."
هاوکات، باس لەوەش دەکات، "نزیکەی 400 بۆ 500 چەکدار لە لالەزار هەن، ئەگەر هێز بچێتە سەریان، ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە. ئەوانەی لە لالەزارن مەشقپێکراون و چەکی پێشکەوتوویان پێیە."
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی حیزبی بەرەی گەلە. پێشتر هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
بەرەی گەل پار بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد، کە لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو و دوو کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ