گالەری


رووداو دیجیتاڵ
 
ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد و قوتابییان بە جۆش و خرۆشەوە لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کرد. هاوکات رێوڕەسمی تایبەت بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە چەندین قوتابخانە بەڕێوەچوو.
 
ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی وردی ئەم ساڵ رانەگەیێندراوە. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6000 قوتابخانە هەن، کە 57%یان لە هەولێر و دهۆک و 43%یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن.
 
لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گەڕانەوە بۆ خوێندن"، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا 33,341 قوتابی کە لە خوێندن دابڕابوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ پۆلەکانیان. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 160 هەزار قوتابی بۆ یەکەمجار بچنە پۆلی یەکەم.
 
کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پشت بە 148,488 مامۆستای میلاک و گرێبەست و 31,555 فەرمانبەر دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن.
 
بۆ ساڵی نوێش، وەزارەتی پەروەردە کاتەکانی دەوامی قوتابخانەکانی بەپێی سیستمی یەک، دوو، و سێ دەوامی دیاری کردووە بۆئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، تاوەکو ئێستا 434  قوتابخانە بە شێوەی گشتی و بەشەکی نۆژەن کراونەتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ خوێندن بڕەخسێنن. هاوکات، کارکردن لە دروستکردنی 30  قوتابخانەی نوێدا بەردەوامە کە بە گشتی 473  پۆلی نوێی خوێندن بۆ سیستەمی پەروەردە زیاد دەکەن. جگە لەوەش، 28 باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بە تەواوی ئامادەن و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا دەکرێنەوە، کە 309 ژووری خوێندنی دیکە لەخۆدەگرن.
 
لە هەنگاوێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا و پاراستنی ژینگە، 127 قوتابخانە سیستەمی وزەی خۆریان بۆ دامەزراوە.