رووداو - ئەنكەرە
دادگایی و لێكۆڵینەوە لە كوشتنی نووسەری بەناوبانگی كورد، موسا عەنتەر بە كەموكووڕی ماوەتەوە. خێزانەكەی موسا دەسەڵاتدارانی توركیا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەیانەوێت تۆمەتی كوشتنی موسا عەنتەر لە ساڵی 1992، بخەنە پاڵ پاسەوانێكی گوند (جاش) بۆ ئەوەی بكوژانی راستەقینەی عەنتەر ون بكەن. لەنێو بكوژانی عەنتەردا كەسانی باڵادەستی نێو دەزگا ئەمنیەكان هەن.
تاهیر ئێلچی، پارێزەری خێزانەكەی عەنتەرو سەرۆكی دەستەی پارێزەرانی ئامەد دەڵێت “ئاشكرایە كە موسا عەنتەر لەلایەن پاسەوانێكی ئاسایی گوندێكەوە نەكوژراوە”.
ئێلچی پێیوایە ئەستەمە بۆ پاسەوانی گوندێك بڕیار بدات كە بە تەنیا نووسەرێكی بەناوبانگی وەكو موسا عەنتەر بكوژێت “عەنتەر بەشێوەیەك كوژرابوو كە دیار بوو لەلایەن رێكخراوێك و بە چەندین كەس كوژرا بوو، بەڵام ئەم دادگایە تەنیا دادگایی چوار كەس دەكات و تەنیا یەكێكیشیان گیراوە”. ئیلچی وایگوت.
عەنتەر كە نووسەر و رۆژنامەوانێكی سیاسی بەناوبانگی كورد بوو، 11 ساڵی ژیانی لە زیندانەكانی توركیا بەسەربرد. ساڵی 1992 لە كاتی ئامادەبوونیدا لە فێستیڤاڵێك لە ئامەد تیرۆركرا. ئەوكات تەمەنی موسا عەنتەر كە لەنێو كورد بە ئاپێ موساش بانگدەكرێت، 72 ساڵ بوو. هەروەها ئۆرهان میرۆغڵو كە نووسەرێكی هاوڕێی عەنتەر بوو، ئەویش لە هێرشەكەدا بریندار بوو.
ساڵی 2006، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا توركیای بە پێشێلكردنی مافی ژیانی عەنتەر تۆمەتبار كرد و رایگەیاند كە توركیا لێكۆڵینەوەی پێویستی لە دۆسیەی كوشتنی عەنتەر نەكردووە.
دەزگای هەواڵگریی ژاندرمە و خەبات لەدژی تیرۆر (ژیتەم) بە “كوشتنی نایاسایی” و “ونكردنی سەدان كورد” لە نێوان ساڵەكانی 1980 تاوەكو 1990 تۆمەتبارە. دەزگا حكومییەكان و سەرۆك ئەركانی سوپا نكۆڵی لە رۆڵی دەزگای ژیتەم دەكەن لەو رووداوانەدا كە لەنێو دۆسیەی دادگاكان و رای گشتی بە تاوانی بكەر نادیار ناسراون.
20 ساڵ دوای كوشتنی موسا، كاتێك حەمید یڵدرم كە گومان دەكرێت بكوژی عەنتەر بێت لەساڵی 2012 دەستگیر كرا، توركیا جارێكی دیكە لاپەڕەكانی دۆسیەی كوشتنی عەنتەری هەڵدایەوە.
دادگای باڵای تاوانەكانی ئامەد، حوكمی بەندكردنی بۆ یڵدرم و سێ تۆمەتباری دیكە بە كوشتنی عەنتەر دەركرد. تۆمەتبارەكانی دیكە بریتی بوون لە هەریەك لە مەحمود یلدرم، عەبدولقادر ئایگان (كە هەردووكیان ئەندامی ژیتەم بوون) و هەروەها عەقیدی خانەنشین ساڤاس گەڤرەكچی.
لە دوا دانیشتنی دادگاكەدا تەنیا دووان لە تۆمەتبارەكان كە ئەوانیش حەمید یڵدرم و ساڤاس گەڤرەكچی بوون، ئامادەی دانیشتنەكان بوون.
ئێلچی دەڵێت “ئەم دۆسیەیە بە هەوڵی چەند پارێزەرێك و رۆژنامەوانێك دووبارە كراوەتەوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان زۆر لاواز و كەم توانان”.
لە كاتی لێكۆڵینەوەكانی دادگادا، حەمید یڵدرم نكۆڵی لە كوشتن و بەشداریكردن لە كوشتنی موسا عەنتەر كرد و تەنانەت نكۆڵی لە ناسینی تۆمەتبارەكانی دیكەش كرد.
ئێلچی دەڵێت “لە كاتی دادگاییەكەدا ویستم لە تۆمەتبارەكان بپرسم ئاخۆ رقیان لەو كەسانە دەبێتەوە كە ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستانن، بەڵام دادگاكە بە پرسیارەكەم رازی نەبوو، بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارەم وەرنەگرتەوە.”
سەرەڕای نكۆڵیكردن لە رۆڵی دەزگای ژیتەمی توركیا لە تاوانەكانی بكەر نادیار، بەڵام عەقیدی خانەنشین عارف دۆگان لە ساڵی 2010دا لە دادگا گوتی كە ئەو بە ئاگاداری بەرپرسانی سەرووی خۆی و هەروەها وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەزگای ژیتەمی لە كۆتایی 1980 دامەزراندووە.
لە ساڵی 2011 دا دۆگان جارێكی دیكە گەواهی ئەوەی دا كە ئەو حیزبوڵڵای كوردی دامەزراندووە بۆ ئەوەی شەڕی PKK بكات و ئەندامانی ئەو پارتە تیرۆر بكات.




