رۆژی چوار شەممە 22-02-2023، لەنێو زانکۆی جیهان لە هەولێر ماراسۆنێکی کورتمەودا بۆ 73 تووشبووی کۆنیشانەکان و بیرکۆڵی رێکخرا.
مەودای ماراسۆنەکە 300 مەتر بوو هۆکاری کورتیی مەودای ماراسۆنەکە، لەبەر تەندروستیی تووشبووان بوو.
لەبارەی ئامانج رێکخستنی ماراسۆنەکە، وەک ڤیان محەممەد، سەرپەرشتیاریی ماراسۆنەکە دەڵێت، "گرنگی پێدانی زیاتر و رەخساندنی کاتێکی خۆشە بۆ تووشبوانی کۆنیشانەکان و بیرکۆڵی."
هەروەها نەوزاد باجگر، سەرۆکی زانکۆی جیهان بە رووداوی گوت: ئەرکی زانکۆیە گرنگی بە هەموو چین و توێژەکان و ئێمەش هەر ئەوەمان کردووە.
بەیاد فەیسەڵ، پلەی یەکەم؛ خۆشەویست تەحسین، پلەی دووەم و ئیمان خدر، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و تەواوی بەشداربوون ماراسۆنەکە خەڵات کران.