لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بەردەڕەش سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چواریش بریندارن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
 
عەقید هۆشیار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانین، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندارن".
 
رووداوەکە نزیک بازگەی مەندان لە سنووری بەردەڕەش روویداوە. شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت: "ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) بوو، حەوت کەسی تێدا بوو، نزیک رووباری خازر وەرگەڕا و کەوتنە نێو ئاوەکەوە و ئەوانەی مردوون، خنکاون".
 
شایەتحاڵەکە گوتی: "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە هەموویان ژنن، لە نەتەوەی عەرەبن و ئەمڕۆ رێوڕەسمی بووک گواستنەوەیان هەبووە".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ماڵباتەکە دانیشتووی گوندەکانی ناوچەکەن. یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە بووک بووە و هەموویان بۆ ئارایشتگە رۆیشتوون و ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە".
 
پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە