بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە

22-06-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەنگاوی باش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نراوە. دەشڵێت: ''بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دابەشکاریی 50٪ بە 50٪ لە رووی کارگێڕی، کەسی، لۆجستی و دارایی، لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران بووە و ئامانجی سیاسی لەپشت نییە.''
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-06-2023، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە و هەنگاوی باشیش نراوە؛ گوتیشی: ''ئێمە جددین بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.''
 
عەبدولخالق باپیری ئاماژەی بەوەدا، هاوپەیمانان گلەییان لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نییە، ''ئەوە پڕۆسەیەکی زۆر گرنگە و ئەم ساردییەی لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەشدا دەبینرێت، هەمووی چارەسەر دەکرێت.''
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، چاکسازییەکان بۆ یەکخستنەوەی یەکەکانی 80 و 70 بەردەوامن و خشتەیەکی زەمەنی بۆ یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان هەیە؛ دەشڵێت، ''فەرماندەیی پشتیوانیی یەک و پشتیوانیی دوو و کۆمەڵێک لیواش یەکخراونەتەوە و ئێستاش پڕۆسەکە بەردەوامە.''
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە، عەبدولخالق باپیری، فەرمانێکی وەزاریی بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکرد و تێیدا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023ـی کردووە، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چەند راسپاردەیەکی دەرکردوون کە ئەمانەن: 
 
1- ئێستا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لەیاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە. 
 
2- کاروبارەکانی کارگێڕی و ژمێریاری و لۆجستی بەپێی پێداویستی و واقیعی حاڵی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، لەگەڵ جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە بگونجێت.
 
3- ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارانەی سەرەوە دراون.
 
رۆژێک لەدوای ئەو فەرمانە، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە نووسراوێکدا بە ژمارە ‌(ئـ/14/2026) وەڵامی بریکاری وەزیری داوەتەوە و دەڵێت: "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن، ئەو کۆبوونەوەیەی ئاماژەتان بۆ کردووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەسەر پلانی بودجەی سێ ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە."
 
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەم وەزارەتە سەر بە هەرێمی کوردستانە و راست نییە لە وەزارەتەکەدا حیزبایەتی بکرێت، ئەو بڕیارەش بۆ هەندێک رێکخستنی وەزارەتی پێشمەرگە دەرکراوە و ئامانجی سیاسی لە پشت نییە و هاوپەیمانانیش پشتگیریی بڕیارەکە دەکەن.''
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن.
 
وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.