ئێوارەی پێنجشەممە فەرمانێک گەیشتە هێزە ئەمنییەکان کە بازگەکانی سلێمانی دابخەن، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە. سەرەتا داوا لە لاهوور شێخ جەنگی و هێزەکانی کرا خۆیان رادەست بکەن، بەڵام پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "بەپێوە دەمرین و خۆمان رادەست ناکەین."
لە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە لالەزار شەڕیان دەستپێکرد، هێرشێکی تووندیان کردە سەر لاهوور شێخ جەنگی و هێزەکەی، بە چەکی قورس و سووک لێیاندا.
دوای نزیکەی چوار کاژێر شەڕ، لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆوە دەستبەسەرکرا، لەگەڵ خۆیدا پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و هاوژین و منداڵەکانی دەستبەسەرن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو. خۆی و پۆڵادی برای بۆ دەباشان، هاوژین و منداڵەکانی بۆ سوێد و خوشکەکەی و زاواکە بۆ بەریتانیا دەگوێزرێنەوە.
لاهوور شێخ جەنگی بە مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە، ئەگەر تاوانەکەی بە سەردا ساخبێتەوە، تاوەکو حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت.
مادەی 56 پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.
وێنەکان دیمەنی ماڵ، بارەگا و شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و هێزەکانین بەناوی دووپشک. دوای شەڕەکە شوێنەکە بووەتە وێرانە.