لە لالەزار چی روویدا و سیناریۆی چاوەڕوانکراو چییە؟

22-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە سێ کاژێر بەرگریکردن لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل خۆی دا بەدەست هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانی بە سەرۆکایەتی وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی هێزەکە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، هەینی 22ی ئابی 2025، دوای  شەڕ و پێکدادانی قورس لە ماڵ و بارەگەی سەرەکی بەرەی گەل نزیک هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی بە ناوەکانی پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی، کۆتایی هات. لەگەڵ ئەوان دەیان کەسی دیکە لە کەسوکاری نزیکی و پاسەوانەکانی دەستگیر کران.
 
لە ئەنجامی ئەم رووبەڕووبوونەوەیەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون (یەکێک لە دژەتیرۆر، یەکێک لە کۆماندۆ و یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش) و کەسێکی دیکە لە لالەزار کوژراوە.
 
کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە
 
دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی بۆ دەباشان گوێزراونەتەوە. کاژێر 9ی بەیانی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی لالەزاری کردووە و ناوچەکەی پشکنیوە. ئێستا هۆتێل لالەزار و سەرجەم ئەو ماڵانەی دەکەونە دەوروبەری، بەتەواوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون. 
 
میدیای نزیک یەکێتی وێنەی زیاتر لە 48 کەسی دەستگیرکراوی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان تەواوی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی 77 کەس بوون و ئەوانەی دەستگیرنەکراون لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە پشوو بوون.
 
ورردەکاریی رووداوەکان
 
گرژییەکان لە ئێوارەی پێنجشەممەوە دەستیانپێکرد، کاتێک هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار جێگیرکران کە شوێنی نیشتەجێبوونی لاهوور شێخ جەنگی بوو. هێزە ئەمنییەکان داوایان لێکرد بەپێی فەرمانێکی دادگا خۆی رادەست بکات، بەڵام ئەو رەتیکردەوە. نزیکەی کاژێر 3:30 خولەکی بەرەبەیان، شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکرد و دەنگی تەقەی چەکی کڵاشینکۆڤ، بیکەیسی و دۆشکە بیسترا. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: "ئێمە بە پێوە وەستاوین و بە پێوەش دەمرین". هاوکات لەگەڵ پێکدادانەکاندا، پێنج درۆن لە دژی هێزەکانی یەکێتی بەکارهێندران دوو دانەیان بۆ یەکەکانی 70 و سێ درۆنیان بۆ ماڵی مام جەلال لە دەباشان کە شوێنی مانەوەی بافڵ تاڵەبانییە، هەرپێنجیان خرانە خوارەوە.
 
بنەمای یاسایی و تۆمەتەکان
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانییەوە دەرچووە بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969.
 
ئەم مادەیە تایبەتە بە کۆبوونەوەی چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوان. پاش شەڕ و رووبەرووبوونەوە رەنگە تۆمەتی دیکەیان بخرێتە پاڵ و بەپێی مادەکانی 230 و 241ـی یاسای سزادان، کە تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان بە چەک و رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا، جگە لەوانە بەپێی مادەی 101 یاسای سزادان، هەر ماڵ و موڵکێک راستەوخۆ لە تاوانێک بەکارهاتبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، لەسەر ئەو بنەمایە رەنگە هەندێ شت دەستی بەسەرابگیرێت بۆ نمونە چەک، ئوتۆمبیل، بارەگا و دامەزراوەی راگەیاندن. مادەیەکی دیکە دەیگرێتەوە کە تایبەتە بە کوشتنی هێزی ئەمنیی ئەویش مادەی 406/1-ب.
 
کاردانەوەکان
 
• نوسینگەی لاهوور شێخ جەنگی: بەناوی بەرەی گەل راگەیێندراوێکی لە کاژێر 11ـی بەیانی هەینی بڵاوکرایەوە، ئۆپەراسیۆنەکەی بە "پیلانگێڕییەکی گەورە" نێوبرد و رەخنەی لە کۆکردنەوەی ئەو "هێزە زۆرە" گرت.
 
• د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی:  لە پەیامێکدا داوای لە هەموو لایەک کرد هاوکاربن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە و جەختی لەوە کردەوە کە "شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".
 
• مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:  نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند ئەم پێکدادانانە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەکاتە ئامانج و پێویستە کێشەکان بە رێگەی یاسایی چارەسەر بکرێن.
 
• سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتوو: نیگەرانیی خۆی لە رووداوەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی سلێمانی دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، "لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕێی مووچەیە، زیادکردنی ناسەقامگیریی ئەمنی و رشتنی خوێن، رەوا نییە."
 
• دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند: "بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەک هێزی دژە تیرۆر و هێزی دیکە."
 
چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی
 
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، ماوەیەکە باس لە کودەتا دەکرێت لەسەر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشتر دەنگۆی چەند کەسێتییەک هەبوو، بەڵام زانیارییەکان دەڵێن، کە گرووپێک پێشتر دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە کە ویستویانە کودەتا بکەن، ئەم دانپێدانانە ماوەی هەفتەیەکە تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنی ئەمریکی و ئەورووپی لە ئەو دۆخە ئاگادارکراونەتەوە کە نیازێکی لەوشێوەیە لەنێو یەکێتی هەبووە.
 
زانیارییەکان دەڵێن، هەفتەیەکە لاهوور شێخ جەنگی بە دۆخەکەی زانیوە، هەر لەو هەفتەیەدا هاوژین و منداڵەکانی ویستویان بچنە دەرەوەی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشت بکەن، بەڵام لە فرۆکەخانە رایانگرتوون، دوایان خستوون تاوەکو فرۆکەکەیان فڕیوە، ئیدی گەشتەکەیان نەکردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان لاهوور شێخ جەنگی لە کاژێر سێی شەوە دڵنیا بووە کە دەستگیر دەکرێت، بەڵام راینەگەیاندووە هەرلەبەر ئەوەش گرووپێکی تێلەگرامی هەبووە کە کادیر و کەسە نزیکەکانی لە کاژێر 3:30 خولەکی بەرەبەیان رەشی کردووەتەوە، ئیدی دەستیان کردووە بە دیلێتکردن و سڕینەوەی ئەوەی ویستویانە، تەنیا یەک گرووپی واتسئەپیان ماوە کە لەدەرەوەی لالەزار و لە ئەورووپاوە بەڕێوە دەبرێت.
 
سیناریۆیەک ئەوەیە لاهوور شێخ جەنگی دادگایی دەکرێت و هەموو ئەو تۆمەتانەی یەک لەدوای یەک رووبەڕوو دەکرێتەوە و سزا دەدرێت بە زیندانیکردن.
 
سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە، رێکەوتنێک بکرێت لاهوور شێخ جەنگی و براکان بنێردرێنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان (بەریتانیا کە وڵاتینامەی ئەوێی هەیە) و ئیدی گەڕانەوەی لی قەدەخە بکرێت.
 
هەروەها رەنگە بەر لە لاهوور شێج جەنگی هاوژین ومنداڵەکانی، لەگەڵ خوشک و زاواکەی کە ئەوانیش دەستبەسەرن رەوانەی ئەورووپا بکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.