ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان

23-10-2018
عەلی زەڵمی
 فرانس پرێس: بارزانی لە هەردوو بەرەی کورد و عێراقدا سەرکەوتووانە دەگەڕێتەوە
فرانس پرێس: بارزانی لە هەردوو بەرەی کورد و عێراقدا سەرکەوتووانە دەگەڕێتەوە
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردن بارزانی
A+ A-

رووداو- هەولێر 

ئەنجامی هەڵبژاردنی رۆژی 30ـی ئەیلوولی رابردووی تایبەت بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووەتە بابەتێکی سەرەکی میدیا جیهانییەکان. 

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەژێر ناوی "بارزانی لە هەردوو بەرەی کورد و عێراقدا سەرکەوتووانە دەگەڕێتەوە" راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی مانگی رابردووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

راپۆرتەکەی فرانس پرێس لە لایەن چەندین دامەزراوەی میدیایی دیکەی جیهانەوە بڵاوکراوەتەوە و لە بەشێکیدا هاتووە: پارتی بە بەدەستهێنانی 45 کورسی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانێت بەبێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرینە پێکبهێنێت و هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقیش پارتی کردە گەورەترین حیزبی عێراق، ئەوەش پێگەی بۆ بەدەستهێنانی پۆستە وەزارییەکان بەهێزتر دەکات. 

ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ـیش لە راپۆرتێکدا دەنووسێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە بردنەوەی 45 کورسی یەکەمە، ئەمەش وادەکات سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەئەستۆ بگرێت. 

راپۆرتەکەی "رۆیتەرز"ـیش لە چەندین دامەزراوەی دیکەی میدیاییدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، هەڵبژاردنەکە ساڵێک دوای گشتپرسییەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی هات و دەکرا پارسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. 

رۆیتەرز دەنووسێت: ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لاوازی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن نیشاندەدات و ئەوەش دەردەخات، دەکرێت پارتی و یەکێتی سێ دەیە لە هاوبەشی دەسەڵات درێژبکەنەوە، بەڵام رۆڵی پارتی لە سیاسەتی کوریدا بەهێز و کاریگەر دەبێت. 

هەروەها ئاژانسی هەواڵی "ئەسیۆشیەتد پرێس"یش لە ژێر ناوی "ئەو پارتە کوردییەی کە لە پشت گشتپرسیەوە بوو لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بردیەوە" راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: پارتی کە پاڵپشتیکاری سەرەکیی گشتپرسییەکەی تایبەت بە سەربەخۆیی ساڵی رابردووی باشووری کوردستان بوو، توانی 45 کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت. 

ئاژانسی "ئەنادۆڵو"ی تورکی، تۆڕی میدیایی "فرانس 24"ی فەرەنسی و "پرێس تیڤی" ئێرانی و چەندین میدیای دیکەش بایەخیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی هەرێمی کوردستان داوە. 

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە