گالەری

 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، یادی هونەرمەند محەممەد ماملێ لە هەولێر کرایەوە و بەهۆی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمساڵ خەڵاتی ماملێ بە هیچ هونەرمەندێک نەبەخشرا.
 
رێوڕەسمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاری رێکخراوی پەرەپێدانیکاری راگەیاندن لە هۆڵی پێشەوا سازکرا و ژمارەیەک لە بەپرسان و هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەبوون.
 
وریا ماملێ، کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەد ماملێ و گوتەبێژی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، 24مین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەممەد ماملێ بەڕێوەدەچێت، ساڵانە لەو یادەدا خەڵاتی ماملێ بە هونەرمەندێکی کورد دەبەخشرێت، بەڵام ئەمساڵ بڕیاریاندا ئەو خەڵاتە نەبەخشن، بەڵکو ئەو خەرجییە بۆ خەڵاتەکە دانرابوو و ئەو کۆمەکەی کۆکراوەتەوە، پێشکێش بە قوربانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، وەک ماڵباتی شەهیدان، برینداران و ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە بێ کار بوون. 
 
هەروەها لە راگەیێندراوی مەڵبەندی هونەریی ماملێ لەبارەی خەڵاتی ئەمساڵدا هاتووە: "لە ماوەی 14 ساڵی تەمەنیدا، بە مەبەستی رێزلێنان و برەودان بە هونەر و موزیکی کوردی، بێ پچڕان 13 خەڵاتی ماملێی پێشکێشی هونەرمەندانی کورد کردووە. ئێمە پێمانوایە لەو ماوەیەدا سەرەڕای کۆمەڵێک کەموکورتی و گرفتی مادی، هەوڵمانداوە لە هەموو بوارێکەوە بەتایبەت لە بواری سیاسی و داراییەوە سەربەخۆ بمێنینەوە و بەدڵنیاییەوە لەو رێبازەدا سەربەخۆ دەمێنینەوە." 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نیشتمانمان گوشارەکان دژ بە گەلی کورد گەیشتنە لووتکە و گەل بۆ داکۆکی کردن لە مافە سەرەتاییەکانیان و بۆ بەدەستهێنانی سەربەستی، لە ژێر درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) رژانە شەقامەکان و قارەمانانە لە ماف و خوێنی هاونیشتمانییان بە خاوەن دەرکەوتن. لەو کەشەدا کۆمەڵێک هاونیشتمانی شەهید بوون و بەشێکی زۆریش بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران و بە هەزاران کەسیشی دیکەش لەبەر مانگرتنە گشتییەکان، بۆ نانی شەو دەستەوەستان مانەوە. لەو دۆخەدا کە خەڵکەکەمان لەوپەڕی گوشار و ناڕەحەتیدا دەژین و تازیەباری خوێنی شەهیدانمانین، دەبینین لە سەرانسەری جیهاندا کوردانی تاراوگە قۆڵ هەڵدەماڵن، هەرەوەز دەکەن و یارمەتی دەنێرنەوە ناوخۆ بەڵکو کەمێک لە ئازارەکانی ئەو میللەتە کەم کەنەوە. لەبەر رێزلێنان بۆ خوێنی شەهیدانمان و گەیاندنی یارمەتی بۆ بەرکەوتەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشکێشکردن و بەڕێوەبردنی خەڵاتی ماملێی بۆ ساڵی 2023 بە گونجاو نەزانی و بڕیاری دا تێچووی خەڵاتی ئەمساڵ بکاتە یارمەتی بۆ قوربانییان و بەرکەوتەکانی شۆڕشی ژینا".
 
ساڵی رابردوو، خەڵاتی ماملێ بە هونەرمەند کاوە فەقێزادە بەخشرا، هەروەها خەڵاتەکە پێشتر بە هونەرمەندان، قاڵە مەڕە، مەزهەر خالقی، خەلیل غەمگین، ناسر رەزازی، عەباس کەمەندی، باکووری، عەزیز شارۆخی، دڵشاد محەممەد سەعید، تیپی مۆسیقای سلێمانی و حوسێن سەفامەنێش کراوە.
 
محەممەد ماملێ، ناوی تەواوی محەممەد سەعید عەلییە، لە 2ـی حوزەیرانی 1925 لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، زیاتر لە 700 گۆرانی گوتووە، زیاتر هەڵبەستەکانی وەفایی، مارف ئاغایی، گۆران، هەژار موکریانی و هێمن موکریانی کردووەتە گۆرانی، زۆرجاریش خۆی شیعری نووسیووە.
 
ماملێ، لە 13ـی کانوونی دووەمی 1999 کۆچی دواییکردووە، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هونەرەکەی بە زیندوو لە نێو خەڵکدا ماوەتەوە.