رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 23-01-2026 لە هەولێر خۆپێشاندانی پاڵپشتی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا کچان بە هۆنینەوەی کەزی و چەند شێوازێکی دیکە پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی.
بەشێک لە ژنان و کچانی هەولێر لە خۆپێشاندانەکەدا هێمای خۆر، ئازادی، سەرکەوتن، هێز و مەزاری شەهیدانیان لەسەر رووخساریان کێشا و لەبەردەم قەڵا خۆپێشاندانیان بۆ پاڵپشتیی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەکدارێکی سەر بە حکومەتی سووریا "کەزی"ی شەڕڤانێکی بەدەستیەوە گرتبوو، ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
سوپای عەرەبیی سووریا لە رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بە چڕی هێرشی بۆسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستپێکرد، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن. دواتریش هێرشەکان درێژەیان کێشا و رووباری فوراتیان بڕی و بەرەو ناوچە کوردییەکان هاتن.
سێشەممە 20-01-2026 ئاگربەستێکی 4 رۆژە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای عەرەبیی سووریا راگەیێندرا، ئەمڕۆ کۆتایی بەو ئاگربەستە دێت، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە، هەندێک سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە هەواڵی درێژکردنەوەی ئاگربەست راست نییە.