پەرلەمانتارێکی کورد: داوای سوپا بۆ وەرگرتنی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک نادەستوورییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ رێبوار عەلی
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، سوپای عێراق ناتوانێت داوای خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک بکات. دەشڵێت، وەزارەتی دارایی خاوەنی خانووەکانە و دانیشتووانی گەڕەکەکە دەتوانن لە رێگەی یاساییەوە داواکاریی کڕینەوە پێشکێش بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 23-02-2026، دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشیکرد، لەبارەی چارەنووسی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک رایگەیاند: ''هەر دوای رووداوەکەی دوێنێ، دەستبەجێ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتینە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ گەڕەکە.''
 
بەیانیی دوێنێ، سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی نەورۆز و خێزانەکە لە ماڵەکەی خۆیان دەرکران. دیلان غەفوور گوتی: ''لەڕووی یاساییەوە بەدواداچوونم بۆ گرفتی گەڕەکەکە کردووە و ئەمە کێشەیەکی تازە نییە، بەڵکو چەند ساڵ لەمەوپێشیش هەر هەبووە''.
 
نزیکەی 122 خانوو لە گەڕەکی نەورۆز هەن کە بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، بۆ ئەفسەرانی باڵای سوپای عێراق تەرخان کرابوون. ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: ''ئەو خانووانە تەرخانکراو بوون نەوەک موڵکی وەزارەتی بەرگری. دواتر ئەو خێزانانەی کە لە کەرکووکەوە بۆ هەرێمی کوردستان راگوێزرابوون، تێیاندا نیشتەجێ بوون و خۆیان نۆژەنیان کردنەوە.''
 
بەگوتەی دیلان غەفوور بەپێی یاسا، خاوەندارێتیی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و ''وەزارەتی بەرگری بۆی نییە بێتەوە سەر ئەم خانووانە، چونکە ئەمانە ئەگەر لە رابردووشدا تەرخانکراو بووبن بۆ وەزارەتەکە، موڵکی ئەو نین و بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیش ناتوانێت بگەڕێتەوە نێویان.''
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر سوپا خۆی بە خاوەنی خانووەکانیش بزانێت، پێویستە لە رێگەی دادگە و پۆلیسەوە هەنگاو بنێت، ''نەوەک وەک هێز بێنە سەر ماڵەکان، ئەمە کارێکی تەواو دژی دەستوورە و نایاساییە.''
 
دیلان غەفوور پێیوایە، بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی گرفتەکە پێویستە هاونیشتمانییان لە گەڕەکی نەورۆز لە رووی یاساییەوە هەنگاو بنێن، ''پێشتریش هەر خێزانێک دەیتوانی لە رێگەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت خانووەکەی لە وەزارەتی دارایی بکڕێتەوە یان بە کرێی بگرێت، ئەوە یاسایەکی کارپێکراوە لە عێراقدا هەیە.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێستاش ئەو خێزانانەی لە خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزدا نیشتەجێن، دەتوانن داواکارییەکانیان ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکەن، بۆ کڕینەوە یان بەکرێگرتنی موڵکەکان.
 
سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2003ـوە کوردیان تێدابوون. کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە. دیلان غەفوور وەک چارەسەری بنچینەیی بۆ کێشەی زەویوزار و خانووبەرە لە کەرکووک دەڵێت، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئەو بابەتە بکەنە خاڵێکی گفتوگۆ لە بەغدا، بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە، ئاشکرای کرد لەوبارەوە پێشنیازێکی ئامادە کردووە کە لە رێگەی حیزبەکەیەوە دەخرێتە نێو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، ''ئەمە بابەتێکی یاساییە پەیوەست بە کورد، بەڵام لە هەمانکاتدا بابەتێکی سیاسیشە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی پاشیڤی رووداو بە میوانداریی محەممەد نەجات، ئەکتەری کوردی شانۆ و دراما

پاشیڤی رووداو؛ ''درامای بیانی شوێنی بەرهەمە کوردییەکانی گرتووەتەوە''

ئەڵقەی نوێی پاشیڤی رووداو بە بەشداریی ئەکتەرێکی دراما و شانۆ بەڕێوەچوو؛ هەروەها تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە و هاونیشتمانییەک بووە براوەی کاژێرێکی زیرەک