رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هۆشداریی لەبارەی دۆخی ناوچەکێشەلەسەرەکان و پرسی سەرژمێری دەدات و رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق دەیان ملیار دیناری تایبەت بە ماددەی 140ـی بۆ خەڵکی خوارووی عێراق خەرجکردووە. هاوکات ئاشکرای دەکات، بەهۆی پەرتەوازەیی ماڵی کوردەوە، دەستکاریی داتاکانی سەرژمێری کراوە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا کەمبکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە چەندین پرسی پەیوەست بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و رایدەگەیێنێت، ئەوەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت بەشێکی زۆری دەرهاویشتەی "پەرتەوازەیی ماڵی کوردە".
شێرکۆ میروەیس، کە بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتییە باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە سنووری خانەقین کرد و گوتی: "خۆشبەختانە لەگەڵ برایانمان لە لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان باشترین پەیوەندیمان هەیە. لە زۆربەی پرسەکاندا هاودەنگین و وەکو پرسی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی سنوورەکە دەکەین". ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر قوباد تاڵەبانی لە کاتی سەردانیکردنی بۆ خانەقین، ستایشی ئەو یەکڕیزییەی پارتی و یەکێتیی لەو سنوورە کردووە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و نەخشەی کارگێڕیی سنووری پارێزگای دیالە و بەقەزاکردنی هەردوو ناحیەی قەرەتەپە و گوڵاڵە، شێرکۆ میروەیس دەڵێت: "هەندێک کەس و لایەن بۆ قایمکردنی جێپێ حیزبەکەیان، دەیانەوێت بەدەر لە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، دەستکاریی یەکە کارگێڕییەکان بکەن."
شێرکۆ میروەس دەڵێت، بۆ ئەوەی ناحیەیەک بکرێتە قەزا، دەبێت ژمارەی دانیشتووانەکەی سەروو 50 هەزار کەس بێت و رەزامەندیی حکومەتی خۆجێیی، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای هەبێت، بەڵام بێ گەڕانەوە بۆ ئەو دامەزراوانە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری بەقەزابوونی بۆ قەرەتەپە دەرکردووە کە تەنیا 46 هەزار کەسە.
میروەیس ئاشکرای دەکات کە لەسەر ئەم پێشێلکارییانە پەنایان بۆ دادگای کارگێڕی بردووە و گوتی: "لە دادگای ئیداری سکاڵامان تۆمار کردووە و رۆژی 3ـی ئاداری داهاتوو، بڕیار لەسەر چارەنووسی بەقەزابوونی قەرەتەپە دەدرێت، بۆ گوڵاڵەش هەر دەبێت پەنا بۆ دادگا ببەین."
سەبارەت بە ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، شێرکۆ میروەیس هۆشدارییەکی تووند دەدات و دەڵێت: "ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە جیدی نەیەتە سەر خەت، باجی زۆر گەورەتر دەدەین. ئەگەر ئێستا ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، کورد ناوچەیەکی زۆر دەدۆڕێنێت، چونکە لە مەندەلی، سەعدییە، گوڵاڵە و قەرەتەپە رێژەی کورد لە 2% تێپەڕ ناکات و دۆخەکە تەواو نائاساییە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت: "لە چوار ساڵی رابردووی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، 30 ملیار دینار بۆ ماددەی 140 خەرج کراوە، بەڵام ئەم پارەیە دراوە بە زەرەرمەندانی شەڕی عێراق-ئێران لە بەسڕە و ناسریە! ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ماددەی 140ـەوە نییە."
هاوکات ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لە سەرژمێریی گشتیی عێراق کرد و وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە جێبەجێکردنی "پیلانێک" دژی پشکی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات.
شێرکۆ میروەیس دەڵێت: "وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 14.1% راگەیاند، بەڵام ئێستا وەکو بەشێک لە پیلانێک، نزیکەی 500 بۆ 600 هەزار کەسی لە ئاوارە و خەڵکانی دیکە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کەمکردووەتەوە و خستوویەتییە سەر ئەو پارێزگایانەی هاوسنوورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی رێژەی کورد بۆ 12% دابەزێنن."
هەروەها روونیکردەوە کە چەندین ناوچەی وەک خانکێ، بەردەڕەش و تەنانەت تاوەکو دەگاتە نەوجول، کە دانیشتووانەکەیان سەر بە هەرێمی کوردستان بوون، خراونەتە سەر ئاماری دانیشتووانی حکومەتی فیدراڵی، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بودجە و قووتی خەڵکی کوردستان دەبێت. شێرکۆ میروەیس هۆکاری هەموو ئەم پاشەکشانەش بۆ "پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد" دەگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ