بەهۆی جەنگەوە رێڕەوی بازرگانی گۆڕاوە؛ بارهەڵگرەکان روو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکەن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان داناوە و بازرگانانی ناچار کردووە بەدوای رێگەی نوێدا بگەڕێن بۆ ئەوەی کاڵاکانیان بگەیەننە بازاڕەکان. ئێستا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بووەتە یەکێک لە دیارترین جێگرەوەکان و زۆربەی ئەو بارهەڵگرانەی رووی تێدەکەن، لە بەندەری مێرسینی تورکیاوە بەڕێ دەکەون، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی تێچووی گواستنەوەی کاڵای زیاد کردووە.
 
مەحموود داشکران، شۆفێرێکی بارهەڵگرە و ماوەی 50 ساڵە کاری گواستنەوەی کاڵا دەکات، ئەو خۆی ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی بارێکی نوێ لە مێرسینەوە بۆ هەولێر. رێگەکەی هەندێک جار دوو رۆژ و هەندێک جاریش پێنج رۆژ دەخایەنێت، تێچووی خۆی و بارهەڵگرەکەی لە مێرسینەوە تاوەکو هەولێر نزیکەی 300 دۆلارە.
 
مەحموود داشکران، لەبارەی گەشتەکەیەوە دەڵێت: "هەندێک جار بەهۆی تەواونەبوونی کاغەز و مامەڵەکان، لە 5 رۆژدا دەگەین. ئەگەر کاغەزەکان تەواو بن، هەندێک جار بە 2 رۆژ دەگەین. لە مێرسینەوە لە ماوەی 5 رۆژدا دەگەینە هەولێر. ئەگەر باسی تێچووی شۆفێر و خەرجییەکانی دیکە بکەین، نزیکەی 300 دۆلار خەرجیمان هەیە. هەر سەفەرێک نزیکەی 300 دۆلار خەرج دەکەین."
 
بەهۆی زیادبوونی رۆڵی بەندەری مێرسین، گرنگیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش لە بازرگانیدا زیاتر بووە. زۆرێک لە بازرگانان هەوڵ دەدەن کاڵاکانیان لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە بگوازنەوە.
 
مستەفا ئیمراک، لە کۆمپانیای ئیمسان لۆجستیك لەوبارەیەوە رایدەگەیێنێت: "ئێستا پشێوی و بارودۆخێکی ئاڵۆز هەیە. ئێستا تەلەفۆنەکانمان ناوەستن، ئێوەش دەبینن بەردەوام لەسەر هێڵین و پەیوەندیمان پێوە دەکرێت. بازرگانەکان پەیوەندی دەکەن، چونکە ناچارن رێگەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بەهۆی ئەوەی هورمز داخراوە، قەسر (قەسری شیرین) گرنگە، کەنداو لە تەنگپێهەڵچنین و قەیراندایە. بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن و دیارترین رێگەش تورکیایە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و لۆجستیك، رۆژانە 2400 تاوەکو 2600 بارهەڵگر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەپەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. بە گوتەی هەمان دامەزراوە، شەڕی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، تێچووی گواستنەوەی بە رێژەی نزیکەی 35٪ زیاد کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە