رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵبخوین دارا پێشکێشی کرد، لەبارەی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد، کە بڕیارە 26ـی مانگ لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەبچێت رایگەیاند، ''تائێستا بانگهێشتنامەمان بۆ بەشداریکردن پێنەگەیشتووە و دەگوترێت سبەی بڵاودەکرێنەوە و بۆ هەموو لایەنەکان دەنێردرێت.''
بەگوتەی سەلاح دەروێش، کۆنفرانسەکە بۆ پێکهێنانی شاندی یەکگرتووی کوردی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق نییە، ''بەڵکو تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''
سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر بانگهێشتی کۆنفرانسە گشتییەکە بکرێین، بێگومان بەشداریی تێدا دەکەین، چونکە بابەتێکی زۆر گرنگە و لە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا دەبەسترێت، پێویستە هەموومان پاڵپشت و هاوکار بین تێیدا.''
یەکێک لە پرسە گرنگەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنفرانسەکەدا بخرێتە بەرباس، داواکاریی رەوای گەلی کوردە لە دەسەڵاتی نوێی سووریا کە بڕیارە لە چوارچێوەی شاندێکی یەکگرتوودا بگەیێندرێتە دیمەشق.
سەلاح دەروێش کە پارتەکەی لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە)یە گوتی، ''تائێستا داوامان لێنەکراوە لە شاندە یەکگرتووەکەدا ئەنداممان هەبێت، بەڵام ئەنەکەسە و پەیەنەکە بەو شێوەیە رێککەوتوون کە ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندەکە سەر بەو دوو لایەنە بن، دواتر هەر کامەیان یەک یان دوو ئەندامی سەربەخۆش دەستنیشان بکات.''
وەک سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ دەڵێت، ''لەوانەیە شاندی یەکگرتووی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شام، لە نۆ کەس پێکبهێنرێت.''
پێشبینی دەکرێت 300 ئەندام لەو کۆنفڕانسەدا بەشداربن، بە جۆرێک کە 170 نوێنەری پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی بن، لەگەڵ ئەوانیشدا، نوێنەرانی: پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ئەلوەحدەی دیموکراتی کورد لە سووریا (یەکێتی)، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون و هەندێک لایەنی دیکە. 130 کەسیان نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ