رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە پارێزگای دهۆک هەنگاوی کردەیی خێراتر دەنێت. لەکاتێکدا نزیکەی 70 هەزار فەرمانبەر لە سنووری ئەو پارێزگایە فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک رایدەگەیێنێت، لە ماوەی مانگێکدا هەزاران پارچە زەوی دیکە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بەسەر شایستەکاندا دابەش بکرێن.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "بەکاتی دهۆک"دا وردەکاریی نوێی پرۆسەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، لە چەند رۆژی رابردووشدا دوو هەزار و 128 پارچە زەوی دیکەمان ئامادە کردووە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، پرۆسەکە ناوەستێت و تیمەکانیان بەردەوامن لە ئامادەکردنی نەخشە و زەوی نوێ. دیار بەحری گوتی: "لە پلانی مانگێک بۆ مانگ و نیوی داهاتوودا، پێنج بۆ شەش هەزار پارچە زەوی دیکە ئامادە دەکەین و دابەشیان دەکەین."
سەبارەت بە شێوازی تیروپشک و لەپێشینەی وەرگرتنی زەوی، شارەوانییەکانی دهۆک کار بە سیستەمی کۆنی رەزامەندییەکان دەکەن. ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ساڵانی 2011 و 2012 رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون، لە پێشینەی کارەکان دەبن. لەو شوێنانەشی کە ژمارەی فەرمانبەران زۆرە و زەوی کەمە، سیستەمی خاڵبەندی و تەمەن و ساڵانی خزمەت دەکرێتە پێوەر.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە لە پارێزگای دهۆک، کەمیی زەوی تەخت بوو لە قەزای ئامێدی. بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان مژدەی بە فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرە دا و گوتی: "کێشەی نەبوونی زەوی لە ئامێدی چارەسەر کراوە و رەزامەندیی سەرۆکایەتی حکومەتمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەو ناوچانەش زەوی دابین بکرێت و چیتر فەرمانبەرانی ئەو قەزایە بێبەش نەبن."
بۆ رێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی کێشە یاساییەکانی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بریاری داوە کە هیچ زەوییەک دابەش نەکرێت تاوەکو بە تەواوی رێکارە یاساییەکانی تەواو نەبێت و بە ناوی شارەوانییەوە تاپۆ نەکرێت.
دیار بەحری جەختی کردەوە: "ئێمە نامانەوێت کێشەی وەک ناوچەکانی دیکەمان بۆ دروست ببێتەوە، بۆیە تاوەکو زەوییەکە تاپۆ نەکرێت، تیروپشکی بۆ ناکەین."
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە دانیشتووی دهۆکن، بەڵام لە ناوچەکانی شنگال و زومار و دەوروبەری موسڵ دەوام دەکەن، شارەوانییەکانی دهۆک رایانگەیاند کە ئەو فەرمانبەرانەش مافی خۆیانە و فۆرمیان پرکردووەتەوە و لە سنووری نیشتەجێبوونی خۆیان لە دهۆک یان سێمێل زەوییان پێدەدرێت.
لەبارەی گەیاندنی ئاو و کارەبا و شەقام بۆ ئەو گەرەکە نوێیانەی دروست دەبن، پلانی حکومەت ئەوەیە کە لە رێگەی فرۆشتنی زەوییە بازرگانییەکانی (روکن) ناو هەمان گەڕەک، تێچووی خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن راستەوخۆ دەست بە خانوو دروستکردن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ