رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایدەگەیێنێت، بارەگایەکیان لە نزیک ناوچەی دارەشەکران بە سێ درۆن بۆردوومان کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەدیب خالید، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شەپۆلێکی هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای چەمشاری سوپای میللیی کوردستان لە نزیک دارەشەکران، لە ناوچەی زرارەتیی سنووری پارێزگای هەولێر.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پاک، هێرشەکە لە کاژێر 22:45ـی شەوی پێنجشەممە 23-4-2026 دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە (کاژێر 11:40) ئەو بارەگایەی سوپای میللیی کوردستان لەژێر هێرشی درۆنیی بەردەوامدایە.
تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر زیانەکانی هێرشەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
هەر ئەمشەو 2 درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە. سەرچاوەیەک لە ئیدارەی ناحیەی باسرمەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، کاژێر 7:20ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێک لە نزیک گوندی (بابە جیسک)ـی سنووری ناحیەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
هاوکات درۆنێکی دیکە لە ناحیەی رزگاریی سنووری قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و ئەویش هیچ زیانێکی نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ