رووداو - سلێمانی
بەهۆی بڕیاری دانانی بریکارێکی دیکە لە عێراق و نەگونجانی سیاسەتی كۆمپانیای فۆردی ئەمریكی و کۆمپانیای نیڤا، کە بریکاری کۆمپانیای فۆردە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، زیاتر لە دوو مانگە نیڤا داخراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئەو گرێبەستەی کۆمپانیاکە لەگەڵ کڕیارانی ئۆتۆمبێلەکانی جۆری فۆردی ئەمریکی کردوویەتی "هەر ئۆتۆمبێلێک زەمانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تاوەکو سێ ساڵ یان 60 هەزار کیلۆمەتر"ـە ، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکە داخراوە، ئەمەش کێشەی بۆ کڕیارانی دروستکردووە.
لە ماوەی 10 ساڵی كاركردنی كۆمپانیای نیڤا 9 هەزار ئۆتۆمبێلی بە هاونیشتمانیان فرۆشتووە و دڵنیایی چاكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانی داوە بە خاوەنەكانیان، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو كێشەی نێوان كۆمپانیای نیڤا و فۆرد خاوەن ئۆتۆمبێلەكان ناچارن لە سەر گیرڤانی خۆیان ئۆتۆمبێلەكانیان چاك بكەنەوە.
كۆمپانیای نیڤا جگە لەوەی لەگەڵ كۆمپانیای فۆرد نەگشتنە رێكکەوتن كێشەیەكی دیكەیان هەبووە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگە نەگرتن لەو ئۆتۆمبێلە زۆرەی ڤۆرد لە وڵاتەكانی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە نرخەكەی زۆر كەمتر بووە لەو ئۆتۆمبێلانەی كۆمپانیای نیڤا دەیفرۆشتە هاونیشتمانیان كە ئەوەش بۆ كۆمپانیای نیڤا شكست بووە.
رێژین باسل، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نیڤا دەڵێت "لەبەرئەوەی كۆمپانیای فۆرد رێگەی نەدا ئێمە بریكاریان بكەین لە تەواوی عێراق هەرێمی کوردستانی جیاکردەوە، ئێمەش ئامادە نەبووین گرێبەستەكەمان نوێ بكەینەوە لەگەڵیاندا و دامان خست".
ئێستا كۆمپانیای فۆرد لە هەوڵی ئەوەدایە بریكارێكی دیكە بدۆزێتەوە بۆ عێراق و كڕیارەكانیشی لە رێگەی ژمارە مۆبایلەكانیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگاداركردووەتەوە، كە تەواوی تێچووی دڵنیایی ئۆتۆمبێلەكانیان لە ئەستۆ دەگرن و لە كاتێكی نزیكدا بریكاری نوێ لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق دەكەنەوە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ